سه‌ندیكاى پزیشكانى ددانى هه‌ولێر: نه‌خۆش فریو بده‌ن سزاتان ده‌ده‌ین
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ئەنجومەنی لقی هەولێرى سەندیکای پزیشکانی ددان، هۆشدارى ده‌داته پزیشكانى ددان كه نه‌كه‌ن نه‌خۆش فریو بده‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌ڵێت “سزاتان ده‌ده‌ین”.
له راگه‌یەندراوێكدا، كه له پەیجى فه‌رمی فه‌یسبووك بڵاویكردووته‌وه، سه‌ندیكاى پزیشكانى ددانى هه‌ولێر، ته‌واوى پزیشكان و كلینیكه پزیشكییه‌كانى ددان له سنوورى هه‌ولێر ئاگادارده‌كاته‌وه كه به هیچ شێوه‌یه‌ك قه‌بوڵیان نییه نه‌خۆش فریو بده‌ن.
راگه‌یه‌ندراوه‌كه، كه وێنه‌یه‌كی لاى 964، پارێزراوه، دواى وەرگرتنی چەندين سکاڵا و تێبینیکردنی چەندین سەرپێچی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانه‌وه دێت، كه بەتایبەتی لە مانگی رەمەزانی پیرۆز پێیان گه‌یشتووه.
ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، چەندین دەستەواژە و سەرپێچی به‌كارهێنراون وەکو (ئۆفەر، ئۆفەری کاتی، داشکاندن، ئۆفەر بۆ چینێکی تایبەت، بڵاوکردنەوەی نرخ، ریکلامکردن بە کەسانی ناپسپۆڕ و فریودانی نەخۆش، کەمكردنەوە لە شکۆی کاری پزیشکی ددان).
به پێی زانیارییه‌كانى 964، سه‌ندیكاى پزیشكانى ددان، به پشتبه‌ستن به رێنماییەکانی لیژنەی رێککاری تایبەت بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و یاسای پەرلەمانی کوردستانی عێراق ژمارە 45ــی ساڵی 2004 تایبەت بە سەندیکای پزیشکانی ددان، بەشی چوارەم ماددەی 26، ده‌توانن ئه‌و پزیشك و كلینیكانه سزا بده‌ن، كه پێچه‌وانه‌ى یاسا و رێنماییه‌كانیان كارده‌كه‌ن.
سه‌ندیكاى ناوبراو روونی ده‌كاته‌وه، به هه‌موو شێوه‌یه‌ك، راکێشانی نەخۆش بە فریوودان، ناوبانگ زڕاندنی پیشە و خاوەن پیشەکە، بێنرخکردن و کەمکردنەوە لە پێگەی زانستی و ئەدەبی پیشەکە و رێگه‌دان به كاركردنى پزیشكانى بێمۆڵه‌ت، قه‌ده‌غه‌یه.
دووپاتیشی ده‌كاته‌وه “هەر پزیشکێکی بەڕێز پابەند نەبێت بەو یاسایە و رێنمایی سۆشیال میدیا تووشی پێبژاردن و لێپێچینەوەی یاسایی دەبێت”.