هەڵمەتێك بۆ دەستگیركردنی سواڵكەرەكانی كۆیە راگەیەندرا
+964
شلێر سەعید – کۆیە
چەند رۆژێكە لە كۆیە هەڵمەتێك لە لایەن پۆلیس و ئاسایشەوە بۆ دەستگیركردنی سواڵكەرەكانی شارەكە راگەیەندراوە و ژمارەیەکیشیان لێدەستگیركراوە.
ئەم هەڵمەتە رۆژانەیە، تا ئێستا چەندین سواڵكەر دەستگیر كراون، تەنیا رۆژی هەینی لە بازاڕی كۆیە و لە ترافیكەكان و لە گەڕەكەكان حەوت سواڵكەر دەستگیركراون.
تۆڕی 964 دەزانێت، سواڵكەرەكان بەڵێننامەیان پێ پڕدەكرێتەوە كە جارێكی دیكە ئەو كارە نەكەن و دواتریش ئازاد دەكرێن.
لە شەقامەكانی كۆیە سواڵكەری منداڵ و ژن و پیاو دەبینرێت بەتایبەتی لە ترافیكەكان و شەقامە گشتیەكاندا.
هەڵمەتەكە لە لایەن ئاسایش و پۆلیسەوە راگەیەنراوە، سەرچاوەیەك لە ئاسایشی كۆیە كە نایەوێت ناوی ئاشكرا بكات بە تۆڕی 964ی وت، داوا دەكەین ئەگەر هەر هاوڵاتییەك سواڵكەرێكی بینی هێزەكانیان ئاگاداربكاتەوە و ئەوانیش دەستگیری دەكەن.
پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد