په‌یوه‌ندییه‌كانی سعوودیه‌ و ئێران گه‌یشته‌ لووتكه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

وڵاتانی سعوودیە و ئێران بەیاننامەیەکی هاوبەشیان لە چین واژوو کرد و رێکكەوتن لەسەر دەستپێکردنی كاره‌كان بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکان له‌ هه‌ردوو وڵاتدا.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 6.4.2023  فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیە و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێرانی لە بێجینی پایته‌ختی چین رێككه‌وتنێكیان واژوو كرد، كه‌ كار بۆ كردنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌ له‌ هه‌ردوو وڵات بكه‌ن، هاوکات رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان و ئاسانکاری بۆ پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتیان.

جگه‌ له‌وه‌، هەردوو وڵات لەسەر دەستپێکردنەوەی سەردانی هاوبەشی بەرپرسان و نوێنەرانی کەرتی تایبەتی هه‌ردوو وڵات رێککەوتن.

کەناڵی هەواڵی فەرمی سعوودیە ئه‌م هه‌واڵه‌ی پشتڕاستكرده‌وه‌، كه‌ یەکەمین کۆبوونەوەی فەرمیی نێوان باڵاترین بەرپرسانی دیپلۆماسی دوو وڵات بوو لە ماوەی زیاتر لە 7 ساڵدا.

ریاز و تاران، لەسەر کۆتاییهێنان بە ناکۆکییە دیپلۆماسییەکانیان و کردنەوەی باڵیۆزخانەکانیان لە رێککەوتنێکی گرینگدا، کە مانگی رابردوو بە نێوەندگیری چینەوە ئەنجامدرا، رێککەوتوون.