تەنیا مانگی سێ 78 حاڵەتی گەستنی سەگ لە هەولێر هەبووە

964+

شۆڕش هەرکی — هەولێر

نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر، ئاماری مانگی سێی رابردووی بڵاوکردەوە، لە ئامارەکەدا باسی حاڵەتی گەستنی سەگ کراوە، کە 78 حاڵەت بووە.

تۆڕی 964 بۆ ئەم مەبستە، پەیوەندی کرد بە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا د. کاروان یاسین، بە تۆڕی 964ی راگەیاند: گەستنی سەگ ، لە پارێزگای هەولێر هەبووە حالەتەکان، لە زۆربەی گەڕەک و ناحیەکان و تەنانەت قەزاشی تێدایە، بەڵام زۆرترین رێژەی لەم شوێنانە بووە.

عەنکاوە: چوار حاڵەت
فەرمانبەران: چوار حاڵەت
کەسنەزان: چوار حاڵەت
دارەتوو: چوار حاڵەت

رۆژانە هاوڵاتیانی شاری هەولێر، لە رێگای تۆڕە کۆمەڵاتییەکانەوە وێنە و ڤیدیۆی گەڕەک و بەردەم ماڵەکانیان بڵاودەکەنەوە، کە منداڵەکان ناتوانن لەبەر زۆری ژمارەی سەگەکان بێنەدەرەوە بەتایبەت شەوان.

لە نوێترین لێدوانیدا، رۆژی چوارشەممەی 5.4.2023  پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: هەڵمەتی گواستنەوەی سەگە بێلانەکان، لەلایەن تیمەکانەوە دەستیپێکردووە، بەڵام کاتێکی زۆری پێویستە بۆ ئەم قۆناغە بەشی زۆریان دەبرێنە شەڵتەر، کە ئێستا شەڵتەرێک دروستکراوە دوای ئەوەی هەموو سەگەکان کۆکرانەوە و تەواوبوون، لەوێ پرۆسەی جیاکردنەوەی نێر و مێ و خەساندن و ڤاکسین کردن، دەستپێدەکات.

بابەتی سەگی بێلانە، دوای هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر بەربڵاوبووە و گەشەی سەند، 964 دەزانێت، نزیکەی 10 هەزار سەگی بێلانە  لە پارێزگای هەولێر و دەوروبەری هەن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی