شاری کەرکوک - social media
کارەبای کەرکوک ئەم هەفتەیە هەر خەریکی بەڕێوەبەر گۆڕین بووە
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
لە ماوەی هەفتەیەکدا سێ جار بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای کەرکوک گۆڕدرا، دواجار وەزارەتی کارەبای عێراق فەرمانی دانانی بەڕێوەبەرێکی دەرکرد.
بە گوێرەی زانیارییەکانی 964 ئەو دوو بەڕێوەبەری لەم هەفتەیە دانرابوون، هەردووکیان لە نەتەوەی تورکمانی شیعە مەزهەب بوون، وەک ئەندامی نزیک لە رێکخراوی بەدر ناویان هاتووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بۆ 964 وتی “بەڕێوەبەری پێشوو چوار ساڵ بوو لە پۆستی دابەشکردنی کارەبای کەرکوک بوو، دوای ئەو عیسام قەنبەر کرا بە بەڕێوەبەر، دوای دوو رۆژ بەڕێوەبەری پێشوو گەڕایەوە، بەڵام هێندەی نەبرد دیسان عیسام قەنبەر فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ دەرچوو”.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی “هەریەکە و بەرپرسێکی باڵا پاڵپشتی دەکات و لە بنەڕەتدا کێشەکە لەوە سەری هەڵداوە”.
ئێستا عیسام قەنبەر، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای کەرکوکە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی