دوای شەش رۆژ لە وەستانی نەوتی هەرێم رەوانە دەکرێتەوە
هەولێر و بەغدا رێککەوتن
964+
فەرمان سادق
دوای شەش رۆژ لە وەستانی، جارێکی دیکە هەولێر و بەغدا رێککەوتن و هەناردەی نەوتی کوردستان دەستپێ دەکاتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 4.4.2023، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی کە بۆ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزایرانی حکومەتی عێراق و مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کورستان لە بەغدا رێکخرا بوو، رێککەوتنی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتیان راگەیاند.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە بڕیاری دەستبەجێ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی کردە فەرمان بەسەر لایەنە پەیوەندارەکان.
هاوکات سەرۆکوەزیرانی هەرێمیش رایگەیاند، ئەو رێککەوتنە دەبێتە بنەما بۆ پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا.
رێککەوتنەکە لە کاتێکدایە دوێنێ دووشەممە 3.4.2023، لیژنەی دارایی یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی لەبارەی بودجەی 2023ـی عێراق ئەنجامدا.
هاوکات شەش رۆژ پێش ئێستا، بە بڕیاری دادگای بازرگانی پاریس هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکی راگیرا.
بۆ رۆژی دواتر دەستبەجێ شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکان، هەرێمی کوردستان رازی بووە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆموە بە بازاڕ بکرێت.
مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بۆ واژۆکردنی رێککەوتنەکە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 4.4.2023 سەردانی بەغدای کرد.
دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ هەموو عێراق گرنگە.
“هیوادرام ئەم رێککەوتنە ببێتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ببێتە هۆی پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکانی بودجە و نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق”. مەسرور بارزانی وایوت، ئەوەشی خستەڕوو کە دەمەێت هەموو لایەک دڵنیا بکەینەوە کە نیەتی ئێمە لەسەرەتاوە بۆ ئەوەبووە ئێمە بگەینە رێککەوتنێکی باش بەبێ ئەوەی واز لە هیچ مافێکی دەستووری خۆمان بهێنین.