كێ دەبێتە جێگرەوەی هێمن هەورامی؟

چانسی پەرلەمانتارەکانی پارتی وەک یەکە

میدیازان- كوردستان ئەحمەد- هەولێر

مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری كۆتایی دەدات كێ دەبێتە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان.

مەکتەبی سیاسی پارتی دوای کۆنگرە بڕیارێکی هەیە، هەرکەس ئەندامی مەکتەبی سیاسی بێت دەبێت واز لەپۆستە فەرمییەکەی بهێنێت لەبواری حوکمڕانیدا. 

هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێکە لەوەی بڕیارەکە دەیگرێتەوە، بەڵام هێشتا دیار نییە کێ دەچێتە شوێنی.

میدیازان سۆراغی ئەوەی کرد کێ شوێنی هەورامی دەگرێتەوە، پەرلەمانتارەکان دەڵێن چانسیان وەک یەکە.

پێشەوا هەورامی وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان  بەمیدیازانی وت’ لەراستیدا من نازانم كێ دەبێت بە شوێنگرەوەی جێگری سەرۆكی پەرلەمان بەڵام دەزانم كە سەرۆك بارزانی  بڕیاری كۆتایی دەدات كە كێ دەبێتە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان’.

لەدوێنێوە قسەو باسێک هەیە لە لیزا فەلەکەدین کاکەیی ئەو پۆستە پڕبکاتەوە، بەڵام پێشەوا هەورامی دەڵێ شتی وا لەئارادا نییەو وتی ‘ ئەو دەنگۆیانە دوورە لە راستی و هەموومان چانسی ئەوەمان هەیە ئەو پۆستە وەرگرین’.

بەهمەن كاكە عەبدوڵا پەرلەمانتاری پارتی هەمان زانیاری وتەبێژی فراکسەۆنەکەیان دووبارە دەکاتەوەو دەڵێ ‘ئێمەی ئەندامانی پەرلەمانیش وەك خەڵكی دەزانین كێ دەچێتە ئەو پۆستە، بەڵام ئەوەی كە بڕیاری یەكلاكەرەوە دەدات جەنابی سەرۆك بارزانییە و نازانین لە چ كاتێكدا ئەو بڕیارەدەدات’.

 پەرلەمانتارەکە دەڵێ ‘لیزا فەلەكەدین كاكەی بەخۆمی وت میدیاكان قسەكانی منیان گۆریوە من نەموتوە دەبمە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەڵكو وتومە هەموو پەرلەمانتارەكان مافیان هەیە و ئەگەری ئەوە هەیە هەر كامێكمان ببینە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان’.

 بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، دەبێت هێمن هەورامی دەستلەكاركێشانەوە ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان بكات و فراكسیۆنی پارتی ئەندامێك بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمان كاندید بكەن و پەرلەمانتاران دەنگی پێبدەن بەو شێوەیە جێگری نوێی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دیاریدەكرێت