ئه‌م ئێواره‌یه‌ سه‌گه‌كانى شه‌ڵته‌رى سۆران دەعوه‌ت بوون

964+

ئاسۆ وەرتی – سۆران

له‌ بنكه‌یه‌كی ئاسایشی سنوورى سۆران ده‌ستگیرا به‌سه‌ر 14 كارتۆن جگه‌رى مریشكى قه‌ده‌غه‌كراو، لیژنه‌ى ئابووریش كه‌ جگه‌ره‌كه‌ى له‌ ئاسایش وه‌رگرت، راسته‌وخۆ بردیه‌ شه‌ڵته‌رى سه‌گه‌كانى سۆران .

ئێواره‌ى ئەمڕۆ یەکشەممە 2.4.2023 بنکەی ئاسایشی یەکێک لە بازگەکانی سنووری ئیدارەی سۆران دەستى بەسەر 14 کارتۆن جگەری مریشک داگرت.

مەنسور محه‌مه‌د وتەبێژی لیژنەی ئابوری سۆران بە 964ـى راگەیاند “ئەمڕۆ لیژنەکانمان ئاگادارکرانەوە لە بوونی جۆره جگەرێکی قەده‌غەکراو، پشکنینمان بۆ جگەرەكه‌ کرد، دەرکەوت قەدەغەکراوە دەستمان بەسەرداگرت، گواستمانەوە بۆ شەڵتەری بەخێوکردنی سەگەکان .

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، لایەنی سەرپێچیکار یەکەمجار بوو ئەم جگەرەی هێناوە، لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی، روبەڕووی یاسا دەکرێتەوە، وتیشی “لەکاتی دووبارە هێنانەوەی رێکاری توندتری بەرامبەر ئەنجام دەده‌ین”.

به‌قسه‌ى مەنسور محه‌مه‌د، مانگی رابروو سەردانی 100 شوێنیان كردووە، 17 سزای پێبژاردنیان بۆ سه‌رپێچیكاران كردووه‌، 12 بەڵێنامەشیان پێپڕکردونەتەوه‌.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن