فۆتۆ 964+
لە دهۆک
وانەبێژانی پەروەردەی عەرەبی سێ ساڵە بێ موچە دەوام دەکەن
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
وانەبێژانی پەروەردەی عەرەبی دژی وەرنەگرتنی موچەکانیان لەبەردەم نوێنەرایەتی پەروەردەی گشتی نەینەوا لە دهۆک گردبوونەوە.
ئەمرۆ یەکشەممە 2.4.2023، ژمارەیەک لە نوێنەرانی وانەبێژانی پەروەردەی عەرەبی لەبەردەم نوێنەرایەتی پەروەردەی گشتی نەینەوا لە دهۆک گردبوونەوە.
ئەوان کە بە نوێنەرایەتی نزیکەی 500 وانەبێژ گردببوونەوە کە زۆرینەیان خەڵکی قەزای شنگال و دەوروبەرینە و لەکەمپەکانی دهۆک وانە بە قوتابیان دەڵێنەوە، ماوەی سێ ساڵە بە خۆبەخشی دەوام دەکەن داوا دەکەن بکرێن بە گرێبەست.
حسێن ئیسماعیل، خەڵکی شنگالە نۆ ساڵە لە کەمپی بێرسیف دەژیت بە 964ی وت “نزیکەی سێ ساڵە وانەبێژی خۆبەخشم لە قوتابخانەی کەمپ تا ئێستا بەردەوامم، سێ ساڵە دەوام دەکەین و تا ئێستا یەک دینارمان وەرنەگرتووە، ئەمە لەکاتێکدایە وانەبێژانی پارێزگایەکانی خوارووی عێراق هەموویان کراون بە گرێبەست تەنیا ئێمە و وانەبێژانی نوێنەرایەتی پەروەردەی عیراق لە هەولێر ماون”
زیاتر وتی “ئەمرۆ هاتووین داوای مافی خۆمان بکەین، تەنیا یەک داواکاریمان هەیە ئەویش بکرێن بە گرێبەست، ئەمەش مافی خۆمانە وەک چۆن ئەوانەی تر کراون بە گرێبەست”.
لە دهۆک، نزیکەی لە 500 وانەبێژ هەیە کە هەندێکیان لە کەمپێکەکان وانە دەڵێنەوە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق