دایکێک هەمیشە دەچێتە یاریگا بۆ هاندانی کوڕە یاریزانەکەی

964+
مەجید بتوێنی – رانیە

دایکی دەشتی عەبدوڵای گۆڵپارێزی یانەی وەرزشی رانیە بەردەوام لە کاتی بەڕێوەچوونی یاریەکانی خولی پلە یەکی کوردستان لەگەڵ کوڕەکەی لە پشتی تۆڕی گۆڵی یانەی رانیە هانی کوڕەکەی دەدات تاوەکو تۆڕی گۆڵەکەی بپارێزێت.

لەگەڵ دەستپێکی یاری ماچی کوڕەکەی دەکات و تا یاری تەواو دەبێت چاوی لەسەر هەڵناگرێت، لە کۆتایی یاریەکەدا، کوڕەکەی بدۆڕێت یان سەربکەوێت لەناو یاریگادا باوەشی گەرمی پێدا دەکات.

بێخاڵ ئیبراهیم دایکی دەشتی عەبدوڵا دەڵێت، لەناو خێزانەکەیاندا تەنیا خۆی و دەشتی حەز بە تۆپی پێ دەکەن و دەشتی هەر لە منداڵیەوە حەزی بۆ تۆپی پێ هەبووە، “منیش پاڵپشتیم کردووە تا ئەمڕۆ و بەردەوامیش دەبم”.

دەشڵێت، “وەک قەڵایەک لە پشت دەشتی دەوەستم لە سەرکەوتن و دۆڕانەکان لەناو یاریگا و لە ماڵەوە لە باوەشی دەگرم”.

دایکی دەشتی بە زستان و هاوین لەگەڵ کوڕەکەی دێت بۆ یاریگا و لەناو هاندەرانەوە دادەنیشێت و سەیری یارییەکان دەکات.

بێخاڵ داوا لە دایکانی دیکە دەکات، کە هاو شێوەی ئەو بێن بۆ یاریگا و هانی کوڕەکانیان بدەن بۆ سەرکەوتن.

دەشتی گۆڵپارێزیش ئاماژەی بەوە کرد، “کاتێک دایکم لە پشت گۆڵ وەستاوە هێزم زیاترە و دەروونم ئارامە و باشتر یاری دەکەم، دایکم هەر لە منداڵیەوە تاوەکو ئێستا کاریگەری زۆری هەیە لەسەر سەرکەوتنەکانم”.