بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵات بۆردومانکرانەوە
میدیازان – هێمن بەکر – هەولێر
کەمێک لەمەوبەر، بارەگای حزبی دیموکرات لە کۆیە بە موشەک و بارەگای کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە ناوچەی زڕگوێزی سلێمانی بە درۆن بۆردومان کران.
شایەتحاڵەکان دەڵێن، تاوەکو چوار موشەکیان لە کۆیە ژماردووە.
بە وتەی وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان بۆ میدیاکان، تاوەکو ئێستا بەهۆی بۆردومانەکەوە، نۆ کەس گەیەندراونەتە نەخۆشخانە، هەشتیان بریندارن و یەکێکیان گیانی لەدەستداوە.
ئەو ئامارە لەلایەن بەرپرسانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران پشتڕاستکراوەتەوە.
ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی رێبوار عەبدیە، تەمەنی ٤٥ ساڵە و راستەوخۆ بەر بۆردومانەکە کەوتووە.
لای خۆیەوە، سوپای پاسدارانی ئێران بە فەرمی رایگەیاند، ئەوان هێرشەکانیان کردووە.
هاوکات، بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمی لە سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، لە زڕگوێز و ئەو ناوچانەی ئەوانی تێدان، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
هەروەها دەڵێت، “چەندین درۆنی خۆتەقێن هێرشی کردووەتە سەرمان و زیان بەر چەندین باڵەخانە کەوتووە”.
ئەمە دووەمجارە لە دوو مانگی رابردوودا، لە رێگەی موشەک و درۆنەوە هێرش بکرێتە سەر بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەناو خاکی هەرێمی کوردستان.
لە رۆژی ٢٨ی ئەیلول بە هەمان شێوە هێرش کرایە سەریان، ١٣ کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا و نزیکەی ٥٠ کەسی دیکە برینداربوون.