شەقامێکیان چاککرد بەڵام 12 گەڕەک بێ ئاو بوون

+964

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

لە کاتی چاککردنەوەی رێگایەک لە شەقامی پیشەسازی زاخۆ، بۆریەکی ئاو دەشکێت و چەند گەڕەکێک بێ ئاو دەبێت، فەرمانگەی ئاوی ئەو قەزایە دڵنیایی دەدات لەوەی بە زووی بۆیان چاک دەکرێت.

رۆژی چوارشەممە لە کاتی کارکردن لە شەقامی پیشەسازی بۆ گەڕەکی تلکەبەر لە قەزای زاخۆ، بۆری ئاوی ئەو شەقامە شکا و بەهۆیەوە 12 گەڕەک بێ ئاو بوون.

ساڵح زاخۆیی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی زاخۆ، ئەمڕۆ 30.3.2023 بە 964ی وت، “هەموو هەوڵێکمان ئەوەیە بە زووی ئەو گرفتە چارەبکەین، توانیومانە ئاو بۆ هەشت گەڕەک بگەڕێنینەوە”.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی زاخۆ ئەوەش دەڵێت، تا ئاوی گەڕەکەکانی دیکە چاک دەکرێت، با خەڵک ئاو کەم بەکاربهێنێت.

964 زانیویەتی دوای ئەم رووداوە، فەرمانگەی ئاو لەگەڵ شارەوانی پلانیان ئەوەیە ئەو بۆریە بگوازنەوە لایەکی شەقامەکە بۆ ئەوەی دووربێت لە شکان، ئەم زانیاریە لەلایەن بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی زاخۆ پشتڕاستکرایەوە.

لە شەقامی پیشەسازی تا گەڕەکی تلکەبەر، 12 گەڕەک هەن، 24 کاتژمێرە خەڵکی ئەو گەڕەکانە بێ ئاون.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی