كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنان یه‌كتری تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن

دانیشتوانى لانە سیتی بوونه‌ته‌ قوربانى نەبوونی خزمه‌تگوزاری 

 964+

میلاد جەلال – گەرمیان

دانیشتوانی پرۆژەی لانە سیتی لە قەزای کەلار، ماوەی دوو ساڵە ھاتوونەتە نێو خانوەکانیان و ھیچ پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری تێدا نیە، دەڵێن “بووینەتە قوربانی نێوان وەبەرھێنان و کۆمپانیای جێبەجێکار”.

لانە سیتی، پرۆژەیەکی وەبەرھێنانە لەلایەن کۆمپانیای رووناکی شارەوە جێبەجێکراوە، ئێستا نزیکەی 350 ماڵی تێدا نیشتەجێیە.

بەپێی گرێبەستێک كه‌ کۆپیەکی دەست 964 کەوتووە “پێویستە لایەنی یەکەم (كۆمپانیا) خزمەتگوزاریەکانی وه‌ك قوتابخانەی 18 پۆلی، باخچەی ساوایان و داینگه‌، سەنتەری وەرزشی و بازرگانی دروسبكات”.

سەرخێڵ حسێن، ھاوڵاتیەکی دانیشتوی پرۆژەی لانە ستیە، بە  964ـى وت “بووین بە قوربانی کێشەکانی نێوان وەبەرھێنانی گەرمیان و کۆمپانیای جێبەجێکار”.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات كه‌ دانیشتوانی پرۆژەکە لەسەر حسابی خۆیان بە چینکۆ و پەناڵ چەند ژورێکیان لە دەرەوەی سیاجی پرۆژەکە دروستکردوە و کردویانە بە قوتابخانەیەک بۆ منداڵەکانیان.

ئازاد ئەحمەد، بەڕێوەبەری قوتابخانەی لانەی بنەڕەتی قسەی بۆ 964 کردووە و ‪ باسی لەوەکرد  نزیکەی 300 قوتابی لە ئاستی بنەڕەتی لە قوتابخانەکە دەخوێنن، دەشڵێت “قوتابخانەکە ھیچ مەرجێکی سەلامەتی و گونجاوی نیە بۆ خوێندن، لەکاتی بارانبارین ئاو دێتە ناو قوتابخانەکە و ناچار دەبن قوتابیەکان بنێرنەوە ماڵەوە”.

ناوبراو، کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە و بەڕێوەبەرایەتی وەبەرھێنانی گەرمیان بە کەمتەرخەم دەزانێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان.

ئەحمەد حەسەن، بەڕێوەبەری کۆمپانیای رووناکی شار، بە 964ـى وت “کێشەکە لای بەڕێوەبەرایەتی وەبەرھێنانی گەرمیانە، ئێمە ئامادەبووینە قوتابخانە دروستبکەین کە گرفتی سەرەکی دانیشتوانەکەیەتی، بەڵام وەبەرھێنانی گەرمیان نوسراویان کردووە بۆ دەستەی وەبەرھێنان کە دروستکردنی قوتابخانەکە لە ئەستۆی حکومەتە نەک کۆمپانیای جێبەجێکار”.

ئاماژەی بەوەشکرد “سەرەتای پرۆژەکە پێیان وتوین لەسەر رووبەری 40 دۆنم زه‌وى پرۆژەکە دروست بکرێت بەڵام دواتر پێمان کراوەتە 70 دۆنم، ئێمە زەرەرمان کردووە لە دروستکردنی ئەو پرۆژەیە، دانیشتوانەکەشی پێویستە بڕۆن داواکانیان ئاراستەی وەبەرھێنانی گەرمیان بکەن”.

تۆڕی 964 چەندینجار پەیوەندی بە ھونەر مەحمود، بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی گەرمیانەوە کرد بەڵام پەیوەندیەکان بێ وەڵام بوو.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن