یەکەمجاره لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق دهكرێت
لهههڵهبجه کەڵدانی دەستکرد بۆ بزن ئەنجامدرا
964+
محەمەد عومەر – هەڵەبجە
بۆ یەکەمجار، لەسەر ئاستی کوردستان و عێراقدا، کەڵدانی دەستکرد بۆ بزن ئەنجامدرا، ئهویش له كێڵگهیهكی ئاژهڵداری ههڵهبجه، تۆوی نێرەی بزنی ئەڵمانی تاقیکرایهوە و یەکەم کاریله لە دایک بوو.
بهپێی زانیارییهكانى 964، کێڵگەی ئاژەڵداریی راسان لە هەڵەبجە، بۆ یەکەمجار بزنی هۆڵەندی هێنایە کوردستان و عێراقەوە کە لە کێڵگەیەدا 1000 سەر بزن و کاریلهى هۆلەندی هەن، 350 بزنیان بزنی شیردەرن کە رۆژانە هەر بزنێک سێ بۆ شهش لیتر شیر بەرهەم دێنێت، کە بە گشتی بەرهەمی شیر رۆژانە 1000 لیترە.
د.ئەرکان مەنوچەر بەڕێوەبەری کێڵگەکە بە تۆڕی 964ـى راگەیاند، ئەم بزنانە زیاتر بۆ مەبەستی شیر بەکاریان دههێنن، وتیشى “ساڵی پار بڕیارمان دا کەڵدانی دەستکرد بۆ بزن تاقی بكهینهوه، ئهوەبوو تۆوی نێرەی بزنی ئەڵمانی تاقیکرایەوە و لە 27.3.2023 یەکەم کاریله لە دایک بوو”.
بهقسهى ئهو بهڕێوهبهره “ئێستا باوکی ئهو كاریلهیه لە وڵاتی ئەڵمانیایە بە ناوی مونلایت، دایکی مونلایتیش رۆژانە حەوت کیلۆ شیر دەدات”.
د ئەرکان، ئاماژهى بهوهش كرد، ساڵی رابردوو بۆ یەکەمجار ئەو تۆوەیان هێنایە کوردستان و یەکەم کەڵدانی دەستکردیان بۆ بزن ئەنجام دا، کە به قسهى خۆی یەکەمجارە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا ئەم کارە بکرێ و یەکەم کاریلهى مێینە لە رێگەی کەڵدانی دەستکردەوە لە دایک بوو.
وتیشی “بزنی ئەڵمانی رۆژانە حهوت لیتر شیر دەدات، ئێمەش بە ئامانجی ئەم مەبەستە ئەم کارەمان کرد بۆ زیادبوونی بەرهەمی شیر لە کێڵگەکە و هەروهها تاقیکردنەوەکەمان لەسەر 100 بزنی مێینە کرد و تا ئیستا سێ کاریله لە دایکبوونه”.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن