لە خانەقین پزیشکەکان سەردانی نەخۆش دەکەن

964+

راژان باجەلان – خانەقین

تیمێک لە پزیشکانی کەرتی تەندروستی خانەقین و نەخۆشخانەی خانەقین بە شێوەی گەڕۆک سەردانی نەخۆشەکان دەکەن، به‌رپرسێكی ته‌ندروستیش ده‌ڵێت، ئه‌مه‌ ته‌نها بۆ مانگی ره‌مه‌زان نیه‌.

ئەمڕۆ سێشەممە 28.3.2023 تیمێک لە پزیشکان و پسپۆڕانی ددان و نەخۆشییە درێژخایەنەکان سەردانی فەرمانگەی کاروبارە کۆمەڵایەتییەکانیان کرد بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی و چاره‌سه‌ری پێویست بۆ ئەو نەخۆشانەی کە توانای سەردانی نەخۆشخانە و نۆرینگەکانیان نییە.

مەیادە مه‌زهه‌ر پزیشکی پسپۆڕی ددان کە سەرپەرشتیاری تیمە گه‌ڕۆكه‌كه‌یە بە 964ـى وت “ئەمە رۆژی دووەممانە کە سەردانی ئەم شوێنە دەکەین و توانیومانە لەم دوو رۆژەدا بۆ ژمارەیەکی زۆر نەخۆش چارەسەر و کاری پێویستییان بۆ ئەنجام بدەین”.

وتیشی “هەموو هەوڵمان ئەوەیە زۆرترین ژمارە لە خەڵکانی کەمئەندام و کەمدەرامەت و بە تەمەن سوودی لێ ببینن “.

لایخۆشییه‌وه‌، دکتۆر شوان شاکر، بەرێوەبەری کەرتی تەندروستی خانەقین لە لێدوانێکی بۆ 964، رایگەیاند، کە ئەوان ماوەیەکە ئەم پلانەیان داناوە، لەم چەند رۆژەی پێشوودا بڕیاری دەسپێکردنیان دا، وتیشی “ئەم هەڵمەتە تەنها بۆ رەمەزان نییە بەڵکو بەردەوام دەبێت بە درێژایی ساڵ و سەرجەم کارەکان بە خۆڕاییە بۆ نەخۆشەکانمان”.

ئێستا پشکنینی ددان و شەکرە و پەستانی خوێن لەلایه‌ن تیمى گەڕۆکەوه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، بڕیاریشه‌ لە داهاتوویەکی نزیکدا پشکنینی خوێن و چەند پێداویستییەکی تریش بۆ كاره‌كانیان  زیاد بکەن .

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن