کەرکوکیەکان بە خۆپیشاندانیان گرتووە
کاسبکارانی بازاڕی حەسیرەکە و خانخورما شەڕی مان و نەمان دەکەن
964+
کاروان ساڵحی
جارێکی دیکە پۆلیس هەڵیکوتایە سەر بازاڕی حەسیرەکەی کەرکوک و داوا لە کاسبکاران دەکەن دەکەن چۆڵی بکەن، بەڵام ئەوان بە سووتاندنی تایەی ئۆتۆمبێل و گرتنی رێگا وەڵامی پۆلیسیان دایەوە.
گوشارەکانی ئیدارەی خۆجێی شاری کەرکوک بۆ سەر پیشەوارانی بازاڕی حەسیرەکە بەردەوامە، ئەمڕۆش جارێکی دیکە پۆلیس چووەتەوە سەریان و داوای چۆڵکردن و گواستنەوە بۆ ناوچەی پیشەسازی نوێی لێکردوون.
پیشەوەرانی بازارەکە بەوە رازی نین، ئەمەش وایکردووە دیسان خۆپیشاندان بکەن.
پەیامنێری 964 لە بازاڕەکەیە و دەڵێت، پیشەوەران تایەی ئۆتۆمبێلیان سووتاندووە و شەقامەکەشیان داخست.
پۆڵا عەلی، یەکێکە لە پیشەوەرەکان بە 964 وت، دوای ئاگادار کردنەوەمان لەکار کردن لێرە، ماوەی دوو رۆژە هەر پیشەوەرێک ئۆتۆمبێل رابگرێت بۆ چاکردنەوە، خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە بە بڕی 50 هەزار دینار سزا دەدرێت.
هاوکات کاسبکارانی بازاڕی خانخورماش لە دژی گواستنەوەیان بۆ عەلوە نوێیەکە جارێکی دیکە خۆپیشاندانیان کرد و دەڵێن “ئێرە چۆڵ ناکەین تاکو دوا هەناسەمان”.
لە بازاڕەکە زیاتر لە 300 دوکان و کۆگا هەن، ئەوان دەڵێن بە تێکدانی بازاڕەکە هەزاران کاسبکار نانبڕاو دەکرێن.
تەیب ئەحمەد، کاسبکارێکی بازاڕەکەیە قسەی بۆ 964ی کردووە و دەڵێت: بژێوی ژیانی زیاتر لە چوار هەزار خێزان لەسەر ئەو بازاڕەیە، بۆیە تاوەکو دوا هەناسەمان ئێرە چۆڵ ناکەین”.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق