وەزارەتی بازرگانی: لە کۆگاکانی هەرێمدا بەشی شەش مانگ خۆراک هەیە
964+
لە کۆگا بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستاندا بەشی شەش مانگ خۆراکی پێویست بۆ هاوڵاتیان هەیە، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەڵێت، ئەگەر دەروازە سنوورییەکانیشمان لێ دابخرێن بە درێژایی ئەو ماوەیە کێشەمان نابێت.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی 964ی راگەیاند، ئەو بڕە خۆراکەی لە کۆگا بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەڵگیراون، بەشی شەش مانگی هاوڵاتیان دەکات.
بەشێک لە ماددە زیادکراوەکانی بەشەخۆراکی رەمەزان گەیشتووە
لە بارەی ماددە زیادکراوەکان بۆ بەشەخۆراکی هاوڵاتیان لە مانگی رەمەزاندا، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم بە 964ی وت، بەشێک لە چوار ماددە زیادکراوەکە گەیشتووەنەتە بریکارەکانی دابەشکردنی خۆراک.
“ئەو چوار ماددە زیاد کراوە بۆ رەمەزان بەشێکیان هاتووە و چاوەڕوانین هەموویان بگەن و دواتر لە رێگەی بریکارەکانەوە دابەش دەکرێن لە نزیکترین کات،” نەوزاد شێخ کامیل وای وت.
چوار ماددە زیادکراوەکە بریتین لە شەعریە، تەبەقێک هێلکە، ئاردی سفر و نیشاستە، ماوەی نزیکەی 10 رۆژیشە گەیشتووەتە بریکارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، بەڵام تا ئێستا لە هەرێم دابەش نەکراوە.