كچه‌ كوردێك تۆپی پێی ئافره‌تانی عێراق به‌ڕێوه‌ ده‌بات

میدیازان – ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

كچه‌ وه‌رزشوانێكی كورد، تۆپی پێی ئافره‌تانی عێراق بەڕێوەدەبات و، دەڵێ ئەزموونی خۆم بۆ پێشخستنی تۆپی پێی ئافرەتانی عێراق دەخەمەگەڕ.

خۆزی حه‌مید به‌ میدیازانی راگه‌یاند، به‌ فه‌رمی به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی تۆپی پێی ئافره‌تان له‌ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ده‌ستنیشان كراوه‌.

وتیشی: “فه‌رمانی كارگێڕیم به‌ فه‌رمی ده‌رچووه‌، به‌ڵام له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوو ده‌ستبه‌كار ده‌بم، به‌ تایبه‌تی دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی شاندی یه‌كێتیی تۆپی پێی عێراق له‌ ئیسپانیا.

خۆزی حه‌مید خه‌ڵكی دهۆكه‌، مامۆستای زانكۆیه‌ له‌ كۆلیژی په‌روه‌رده‌ی وه‌رزشیی زانكۆی دهۆك، خاوه‌نی چه‌ندان بڕوانامه‌ی كاری مه‌شق و راهێنانه‌، له‌وانه‌ش بڕوانامه‌ی(B) ئاسیا و بڕوانامه‌ی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئه‌ڵمانیا.

ئه‌و رایگه‌یاند، كار بۆ پێشخستنی تۆپی پێی ئافره‌تان له‌ عێراق و كوردستان ده‌كات و ئه‌زموونی خۆی له‌م بواره‌دا به‌گه‌ڕ ده‌خات.

خۆزی ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، له‌ چه‌ند رۆژی رابردوو به‌شداریی وۆركشۆپێكی پێشخستنی ئاستی راهێنه‌رانی تۆپی پێی له‌ قه‌ته‌ڕ كردووه‌.

“وۆركشۆپه‌كه‌ی قه‌ته‌ڕ به‌ سه‌رپه‌رشتیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئه‌ڵمانیا بوو، زۆر چڕوپڕ بوو، به‌ شێوازی تیۆری و پراكتیكی بوو، ژماره‌یه‌كی زۆریش له‌ راهێنه‌ری ئافره‌ت له‌ وڵاتانی جیاجیا به‌شداربوون”، خۆزی حه‌مید وای وت.

خۆزی حه‌مید خه‌ڵكی شاری دهۆكه‌، پێشتر له‌ 2008 تا 2015 یاریزان بووه‌، دواتر رووی له‌ كاری راهێنه‌رایه‌تی كردووه‌، مه‌شقی به‌ یانه‌كانی گاره‌، ئاكرێ، دیفاع جه‌وی داوه‌، جگه‌ له‌وه‌ مامۆستای كۆلیژی په‌روه‌رده‌ی وه‌رزشیی زانكۆی دهۆكه‌.