بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر:

“تا هاوین کێشەی ئاوی گوندی کەورگۆسک چارەسەر دەبێت”

964+

فەهمی نەبی

هاوڵاتیانی گوندی کەورگۆسک لە لاپەڕەی گوندەکەیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، سكاڵای خراپی ئاوی خواردنەوەیان کردبوو، 964 بەدواداچوونی بۆ گرفتی ئاوی ئەو گوندە کرد، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر دەڵێت رەزامەندی لەسەر لێدانی بیر بۆ گوندەکە دەرچووە بەڵام هێشتا پارەی بۆ خەرجنەکراوە.

بەگوێرەی زانیاریەکانی 964 لە ماوەی 10 ساڵدا ئاستی ئاوی ژێر زەوی دەوربەری هەولێر زیاتر لە 100 مەتر دابەزیوە.

رێزان سەعدی، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر بە 964ی وت “نۆ مانگ بەر لە ئێستا رەزامەندی لێدانی 29 بیرمان وەرگرت، تەنانەت رەزامەندی نیشاندراوە بۆ خەرجکردنی پارە بۆ شەش بیر کە گوندی کەورگۆسک یەکێکە لەو گوندانە، بەڵام وەک ئەوەی ئێمە بەدواداچونمان کردووە لە گەنجینەکان، پارەکەی بە هۆی مووچەوە دواکەوتووە”.

رێزان وتیشی “نازانین کەی پارەکە خەرج دەکرێت بەڵام تا هاوین چارەسەر دەکرێت”.

بەپێی زانیاری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری هەولێر، پێشبینی دەکرێت بۆ ئەم هاوینە 40 بیری تر وشک بێت.

رێزان سەعدی دەڵێت: %70ی بیرەکانی ئەو گوندانە وشک بوونە، دڵنیایی نادەین ئەگەر ئەو بیرانە لێبدرێن بە تەواوی کێشەی ئاوی ئەو گوندانە چارەسەر بکرێن.
شارەزایی ئاوی ژێر زەوی لەبارەی کەمکردنی ئاو لە هەولێر دەڵێن بۆ ماوەی چەندین ساڵیش بەردەوام باران 800 ملم ببارێت وا پێشبینی ناکرێت قەرەبووی ئەو کەمکردنە بکات کە ئاوی هەولێر دوچاری بووە.

گوندی کەورگۆسک بەدووری سێ کیلۆمەتر دەکەوێتە سەر زێی گەورە، سەر بە ناحیەی کەورگۆسکە.