مەلا حەکیم دەڵێت:

“تەمەنی مزگەوتەکەی کۆیە زیاتر لە 1400 ساڵە”

964+

شلێر سەعید-کۆیە

له‌ به‌دواداچوونێكدا 964 یەک لە کۆنترین مزگەوتەکانی شارى كۆیه‌ به‌سه‌رده‌كاته‌وه‌ كه‌ ته‌مه‌نى زیاتر له‌ 1400 ساڵه، ئەمەش بەوتەی پێشنوێژی ئه‌و مزگه‌وته.

مەلا حەکیم تۆفیق 33 ساڵە پێشنوێژى مزگەوتی (کۆنە جومعە)یە، سەبارەت بەم مزگەوتە، به‌ 964ـى وت “پێشتر‌ كه‌نیسه‌ بووه‌، به‌ڵام لە ساڵی 25ـی کۆچی کە ئیسلام هاتووە، کراوە بە مزگەوت”.

وتیشی “تەمەنی مزگەوتەکە زیاتر لە 1400 ساڵە، کۆنترین مزگەوتی ناوچەکەیە”.

مەلا حەکیم ئاماژەی بەوەشکرد کە مزگەوتەکە جگە لە شوێنی نوێژكردن، هۆڵێکی گه‌وره‌ى هەبووە بۆ پرسە و خانوی ئیمامیشی تێدایە .

تاهیر ئەحمەد حەوێزی مێژوونووسی شارى كۆیه‌ لە بەرگی دووەمی کتێبی مێژووی کۆیە دەنوسێت، ئه‌م مزگه‌وته‌ (دێرە) بووە و له‌لایه‌ن عەبدوڵای کوری ئیمام عومه‌ر کراوە بە مزگەوت.

ئیمامی مزگەوتەکە ئەوەش دەڵێت: پێشتر كارێزى ئاو له‌و ئه‌و مزگه‌وته‌ هه‌بووه‌، به‌ڵام ئێستا ئاوەکەی وشکی کردووە و نه‌ماوه‌، ته‌نیا شوێنەوار و جۆگەکانی بە بەرد دروستکرابوو دواتر هەر لەوێ بیرمان لێدا.

964 دەزانێت کۆنترین مزگەوت لە سنوورى پارێزگاى هەولێر مزگەوتی گەورەی قەڵایە، كه‌ به‌پێی کتێبی (معجم البلدان)ی یاقوت الحموى و کتێبی (تاریخ أربل)ـی ئیبن المستوفی، لەساڵی 1220ـى زایینیەوە بوونی ھەیە .

به‌پێی زانیارییه‌كانى 964 كه‌ له‌ ئه‌وقافی كۆیه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، له‌ ناوه‌ندى قه‌زاى كۆیه‌ 58 مزگه‌وت هه‌ن و له‌سنوورى ئه‌و قه‌زایه‌ش به‌ته‌واوى ناحیه‌و گونده‌كانییه‌وه‌ 219 مزگه‌وت بوونیان هه‌یه‌.