تیمەکەی تەق تەق لە دەربەندیخانن
تائێستا تەرمی سامان نەدۆزراوەتەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
دوای دوو رۆژ لە گەڕان هێشتا تەرمی گەنجەکەی بەنداوی دەربەندیخان نەدۆزراوەتەوە کە بەهۆی ژێر ئاو کەوتنی بەلەمەکەی لەگەڵ دوو هاوڕێیدا کەوتبوونە ئاوەکەوە.
سلێمان محمد قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە964 وت “تیمەکانی بەرگری شارستانی و تیمی مەلەوانی تەق تەق و کۆمەڵێک ھاوڵاتی خۆبەخش، بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تەرمەکە و تاکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە”.
تیمی مەلەوانی تەق تەق ژمارەیان چوار کەسە، بە چالاکترین تیمی مەلەوانی دادەنرێت بۆ دۆزینەوەی تەرم لە ھەرێمی کوردستان، ئەزمونێکی زۆریان ھەیە چەندیان تەرمیان لە رووبارەکان دەرھێناوە.
زانا ئەبوبەکر، سەرپەرشتیاری تیمی مەلەوانی تەق تەق،بە 964 وت “چوار کەسین لە دوێنێ ئێوارەوە گەیشتوینەتە سەر دەریاچەی دەربەندیخان، لەھەوڵدان بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە، بەڵام تاکو ئێستا ھیچ سەرەداوێکیشیان لەسەر تەرمەکە دەستنەکەوتووە”.
سەرپەرشتیاری تیمەکە، دان بەوەدا دەنێت کە دەرهێنانی تەرمی سامان کەمێک ئەستەمە، مەگەر تەنیا لە رێگەی قولابەوە بۆی بگەڕێین، دەشڵێت: دەریاچەکە نزیکەی 50 مەتر قوڵە، ئەو ئۆکسجین و غەواسانەی ھەیە تەنیا بەشی نزیکەی 25 مەتر دەکات کە دەتوانین بچینە قوڵایی.
“بەردەوام دەبین لە گەڕان، تەنیا چاوەڕێی رەحمی خودان کە ئاوەکە تەرمەکە بھێنێتە سەرەوە، ئەگینا بەو شێوەیە بێت ئەوا ھیچ تیمێک توانای دۆزینەوەی نییە”. زانا ئەبوبەکر وای وت.
پاش ئەوەی شەوی 21.3.2023 سێ گەنج بۆ ماسی گرتن بە بەلەم دەچن بۆ بەنداوی دەربەندیخان، دواتر بەلەمەکەیان وەردەگەڕێت و دوو کەسیان خۆی رزگار دەکات و ئەویتریان دەخنکێت.
گەنجە خنکاوەکە ناوی (سامان عەبدوڵا)ـیە، تەمەنی 37 ساڵە و خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە، دانیشتوی قەزای دەربەندیخانە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق