رێكخراوێكى ژینگه‌یی كارى رێگاوبان و كاره‌باش ده‌كات

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

رێكخراوێكی بوارى ژینگه‌ له‌ سنوورى پشده‌ر، هه‌ر كارێكی پێویست بێته‌ به‌رده‌مى، ئه‌نجامى ده‌دات، ته‌نانه‌ت كارى رێگاوبان و چاككردنه‌وه‌ى كاره‌باش ده‌كات.

ده‌سته‌ى گه‌ڵا، رێكخراوێكی تایبه‌ت به‌ ژینگه‌یه‌ له‌ سنوورى ناحیه‌ى ژاراوه‌ى قه‌زاى پشده‌ر، جگه‌ له‌ كاره‌ ژینگه‌ییه‌كه‌ى كه‌ تایبه‌تمه‌ندى خۆیه‌تى، هه‌مان كات هه‌ر كارێكی پێویستیش له ‌سنووره‌كه‌یان تێبینی بكه‌ن و داوایان لێببكرێت، ئه‌نجامى ده‌ده‌ن.

محه‌مه‌د عه‌بدوڵا، سه‌رۆكى ئه‌و ده‌سته‌یه‌ به‌ 964ـى وت “هه‌ر كارێكی خزمه‌تگوزارى له‌و سنووره‌مان پێویست بێت، به‌پێی تواناى خۆمان ئه‌نجامى ده‌ده‌ین”.

وتیشی “تا ئێستا جگه‌ له‌ سازدانى كۆڕ و سمینارى تایبه‌ت به‌ ژینگه‌ له‌ ناوه‌نده‌كانى خوێندن، كارى چاندنى دار و پڕكردنه‌وه‌ چاڵى رێگا وبان و چاككردنه‌وه‌ى كاره‌باشمان بۆ باخچه‌ى منداڵانمان كردووه‌”.

دوایین كار و چالاكى ئه‌و ده‌سته‌یه‌ هەڵمەتی چاندنی زیاتر لە 120 نەمامی ریشەی توو بووه‌، لە نێوان دەروازەی قەڵادزێ تا قەپانی کێش لە ناحیه‌ى ژاراوە بووه‌.

سه‌رۆكى ده‌سته‌ى گه‌ڵا، دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌بن له‌ كار و چالاكییه‌كانیان له‌ سنوورى ناحیه‌كه‌یان كه‌ نزیكه‌ى 30 گونده‌ له‌ سنووره‌كه‌یه‌تى.