"پێشتر قەڵای میرنشینێکی کورد بووە"

43 بیری لە شاخهەڵکۆڵدراو لەسەر چیایەکی کوردستان دۆزرانەوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

لەسەر چیایەکی هەرێمی کوردستان 43 بیری ئاوی لە شاخهەڵکۆڵدراو دۆزراونەوە، دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم دەڵێت، ئەو شوێنە قەڵای میرنشینێکی کورد بووە.

بیرەکان لە یەک تا هەشت مەتر قووڵن و پانیشیان لە یەک تا سێ مەترن.

پێشتریش لە سێ چیای دیکەی کوردستان 31 بیری دیکەی هەڵکۆڵدراو دۆزراونەتەوە.

نادر روستی، وتەبێژی پێشووی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دوێنێ سێشەممە 21.3.2023 لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەسیبووک ئەو وێنانەی بڵاوکردووەنەتەوە.

ئەو دەڵێت؛ لە چەند شوورایەکیش لە هەرێم 2 تا 4 بیری لەو شێوەیە هەیە.

نادر روستی بەهۆی پاراستنیان و زیاننەگەیاندن پێیان ناوی ئەو چیایە ئاشکرا ناکات کە بیرەکانی لێ دۆزراوەتەوە، “بەڵام ئەو بیرانە ئاماژەی ئەوەن ئەو چیایە قەڵای میرنشینێکی بەهێز بووە”.