ئه‌مشه‌و یه‌كه‌م رۆژى مانگى ره‌مه‌زان دیاری ده‌كرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بڕیارى ئه‌مشه‌و یه‌كه‌مین رۆژى مانگى ره‌مه‌زان له ‌هه‌رێمی كوردستان دیاری بكرێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌ باڵاكه‌ى وه‌زاره‌تى ئه‌وقافى هه‌رێم له‌ چاودێری دیاریكردنی دایه‌.

نه‌به‌ز ئیسماعیل وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و كاروبارى ئایینی هه‌رێم، به‌ 964ـى راگه‌یاند “ئه‌مشه‌و له‌ نێوان هه‌ردوو نوێژى مه‌غریب و عیشا، لیژنه‌ى با‌ڵاى بینینى مانگ، چاودێری دیاریكردنى یه‌كه‌مین رۆژ ده‌كات و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌مشه‌و یه‌كه‌مین رۆژى مانگى پیرۆزى ره‌مه‌زان دیاری ده‌كرێت”.

به ‌قسه‌ى وته‌بێژى ئه‌وقاف، لیژنه‌ی باڵاى بینینى مانگ له‌ هه‌رێمی كوردستان، حه‌وت لیژنه‌ى لاوه‌كى له‌ هه‌ر چوار پارێزگا و سێ ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكه‌ى هه‌رێمی كوردستان بۆ بینینى مانگ هه‌یه‌.

وتیشی “به‌ڵام ساڵانه‌ لیژنه‌كه‌ چاوى زیاتر له‌سه‌ر لیژنه‌ لاوه‌كییه‌كه‌ى گڵه‌زه‌رده‌یه‌ كه‌ له‌ سنوورى پارێزگاى سلێمانییه‌”.

نه‌به‌ز ئیسماعیل، هۆكارى ئه‌و چاو له‌سه‌ربوونه‌یان بۆ هه‌ڵكه‌وته‌ى جوگرافى ئه‌و شوێنه‌ له‌ سلێمانى ده‌گه‌ڕێننه‌وه،‌ كه‌ له‌چاو شوێنه‌كانى تر به‌رزتره‌و شیاوتره‌ بۆ بینینى مانگ.