ئەحمەد محەمەد چاوی بە مێسی و ئیمپاپی دەکەوێت

964+

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا

ئەحمەد محەمەد، ئەکتەری سەرەکی فیلمی بڵندی سینەمایی “مێسی بەغداد” چاوی بە هەردوو یاریزانی جیهانی لیۆنیێل مێسی و کیلیان ئێمباپێ کەوت.

فیلمى بڵندى سینه‌ماىى “مێسی به‌غداد” لە دەرهێنانی سەهیم عومەر خەلیفەى دەرهێنەری کورد.

ئەحمەد محەمەدى ئەکتەر، کە خاوەن پێداویستی تایبەتە و خەڵکی شاری روومادی عێراقە، رۆژی یەکشەممە 19.3.2023 لە نێو یاریگا لە پاریسی فەرەنسا؛ چاوی بە هەردوو ئەستێرەی جیهانی لیۆنیێل مێسی و کیلیان ئێمباپێ کەوت کە ئێستا هەردووکیان لە پاریس سانجێرمانی فەرەنسی یاری دەکەن.

“مێسی بەغداد” پێشتر وەک کورتە فیلم لە 2012 بەرهەمهاتووە و زیاتر لە 60 خەڵاتی بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتی تایبەتی دەستەی دادوەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلین، ئەوکاتیش ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە چاوی بە مێسی کەوتبوو.

یەکەم نمایشی فیلمی بڵندی “مێسیی بەغداد” لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی 15یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئۆستێندە لە بەلجیکا، کە چالاکییەکانی لە 27 کانوونی دووەم تاکو 4ـی شوباتی 2023 لە شاری ئۆستێندەی کەنار دەریای بەلجیکا بەڕێوەچوو.

هێندریک ڤێرتە لەرێگەی کۆمپانیای ئەی تیم پرۆدەکشن ‘A Team Productions’  لە بەلجیکا، محەممەد ئەکتاش لەرێگەی کۆمپانیای میتۆس فیلم ‘Mitos Film’ لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا و هەرێمی کوردستانیش لە بەرهەمهێنانیدا بەشدارن.

کۆمپانیای وایلد بۆنچ ‘Wild Bunch’ کە یەکێک لە بەهێزترین کۆمپانیاکانی بڵاوکردنەوەی فیلمە لە ئەوروپا، ئەرکی بڵاوکردنەوەی فیلمەکەی لە ئەستۆگرتووە.