هەرکەس تایە بسوتێنێ تووشی لێپرسینەوە دەبێتەوە

964+

فەرهاد حەسەن

هەرکەس لە بۆنەکانی نەورۆزدا تایەی ئۆتۆمبێل بسووتێنێت و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە ئەوا رووبەڕووی سزا دەبێتەوە، ئیدارەی سۆران وا دەڵێت.

فەرمانگەی ژینگەی سەر بە ئیدارەی سۆران داوای لە هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکەی کردووە، رێگەنەدەن خەڵکی تایە بسووتێنن لەم نەورۆزەدا، “چونکە دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە”.

لەوبارەیەوە، هەژار ماهیر بەرپرسی فەرمانگەکە بە 964ی وت، “لەگەڵ لیژنەی ئەمنی قسەمان كردووە كە ئەوانەی لە نەورۆز تایە دەستوێنن لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت”.

وتیشی، “خەریكی رێكخستنی هەیكەلی نوێین بۆ فەرمانگەی ژینگە، هەركات تەواوبێت تەواوی ئەو سزایانەش جێبەجێ دەكەین كە لەبەرامبەر سەرپێچیكارانی ژینگە دامانناون”.

رێكخراوێكی ژینگەییش لە ئیدارەی سۆران داوا دەكات حكومەت رێكاری تووند لە بەرامبەر ئەو كەسانە بگرێتە بەر، كە لە رۆژی نەورۆزدا تایەی ئوتومبێل دەسوتێنن.

رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە، كە لقیان لە زۆربەی قەزاو ناحیەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەیە، بۆ ئەم نەورۆزە هەڵمەتێكی گشتگیریان دەستپێكردووە كە بە هیچ شێوەیەك بۆ كردنەوەی ئاگری نەورۆز، تایە نەسوتێندرێت.

محەمەد ساڵح گەردی، كارگێڕی رێكخراوی وار، بە 964ـی وت، ساڵانە بۆ جەژنی نەورۆز رێنمایی بڵاودەكەنەوە كە خەڵك لە سووتاندنی تایەی ئوتومبێل دووربكەونەوە، دەشڵێت “لایەنە پەیوەندارەكانی حكومەتیشمان لەو مەترسییە ئاگاداركردۆتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ یاسایەك نیە سزای ئەو كەسانە بدات كە لە رێی سوتاندنی تایەوە سەرپێچی بەسەر ژینگەوە دەكەن”.