بەناوی رێکخراوی خێرخوازی پارەیان لە خەڵک وەرگرتووە
پۆلیسی هەولێر باندێکی دەستگیر کرد
964+
فەرمان سادق
چوار کەس کە بەناوی رێکخراوێکی خێرخوازی کۆمەکیان بۆ نەخۆشانی نەخۆشخانەی نانەکەلی کۆکردۆتەوە، دەرچوو فڕوفێڵیان کردووە و پۆلیس دەستگیری کردوون.
ئەمڕۆ شەممە 19.3.2023، پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی باندێکی چوار کەسی راگەیاند کە بەناوی رێکخراوێکی خێرخوازی پارە و کۆمەکیان کۆکردۆتەوە.
پۆلیسی هەولێر دەڵێت: ئەو چوار کەسە لە بنکەی پۆلیسی ئازادی دەستگیر کراون، بە ناوەکانی (م. ن. خ) و (ح. ش. م) و (ھ. ا. ا) و (ڤ. ح. س).
بە قسەی پۆلیس بێت، ئەو چوار کەسە بەناوی رێکخراوێکی خێرخوازییەوە لە گەڕەک و کۆڵانەکانی شاری هەولێر پارەیان کۆدەکردەوە بەناوی نەخۆشخانەی نانەکەلی.
لەگەڵ کۆکردنەوەی کۆمەکیش، چەند جۆرە پەرتووکێکیشیان بە خەڵک دەفرۆشت، کە گوایە پارەی پەرتووکەکانیش بۆ نەخۆشانی نەخۆشخانەی نانەکەلییە.
زیاتر دەڵێت: لە راستیدا فڕو فێڵیان لە هاوڵاتیان دەکرد و خەڵکیان هەڵدەخەڵەتاند، تۆمەتبارانیش دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و بە بڕیاری دادوەر راگیران و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.