سایلۆی سلێمانی پارەی گەنمی جووتیاران دابەشدەکات

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

سایلۆی سلێمانی لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە دەستدەکات بە دابەشکردنی چەکی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2016 و بەشێک لە پارەی 2015.

سایلۆی سلێمانی لە فەیسبوکی خۆیان راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و داوا لە ئەو جووتیارانە دەکات لە رۆژانی یەک تا پێنجی حوزەیرانی 2016 گەنمیان رادەست بە سایلۆی سلێمانی کردووە، بێن چەکی پارەکانیان وەربگرن.

چەکی پارەکان، لەلایەن هۆبەی ژمێریاریی سایلۆی سلێمانی لە ناحیەی پیرەمەگرون دابەشدەکرێت.

بەشێک لە پارەی گەنمی ساڵی 2015ـش دابەشدەکرێت

نزیکەی 200 جووتیاری دیکەش، کە لە ساڵی 2015 گەنمەکانیان داوە بە سایلۆی سلێمانی و تا ئێستا نەچوون بۆ وەرگرتنی چەکی شایستە داراییەکانیان، دەتوانن ئەمڕۆ وەریبگرن، سایلۆی سلێمانی وا دەڵێت.

کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە لە بەغدا، لە رۆژی 14.2.2022 چەکی پارەی گەنمی جووتیارانی بۆ 2015 و 2016 رادەستی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، کە بڕەکەی 272 ملیار دینارە.