پێشبڕکێکە زانکۆی گرانادای ئیسپانیا رێکی خستبوو
پڕۆژەکەی ئایە لەناو 29 تیمدا پلەی چوارەمی بەدەستهێنا
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
پڕۆژە ژینگەییەکەی ئایە سەرداری خوێندکاری زانکۆی زاخۆ توانی لەناو بەشداربووانی 50 وڵات و 29 توێژینەوەی دیکەدا پلەی چوارەم بەدەستبهێنێت.
ئەو پێشبڕکێیەی ئایە بەشداریی کردبوو جیهانی بوو و لە لایەن رێکخراوی UNIMEDـی ژینگەپارێز لە زانکۆی گرانادا لە وڵاتی ئیسپانیا رێکخرابوو.
پێشکەشکردنی توێژینەوەکان 16.3.2023 ئەنجام درا و بەهۆی نەبوونی ڤیزاوە ئایە بە شێوەی ئۆنلاین پڕۆژەکەی خۆی پێشکەش کرد.
“چۆنێتیی پاککردنەوەی ژینگە لە پاشماوەکانی خۆراک و هەبوونی گازی سروشتیی میسان و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی بەسەر کەشوهەوادا” ناونیشانی توێژینەوەکەی ئایە بوو.
ئایە سەردار، خوێندکاری بەشی ئەندازیاریی شارستانی لە زانکۆی زاخۆ بە تۆڕی 964ـی وت “ئەگەر بمتوانیانە سەفەر بکەم و راستەوخۆ لەوێ توێژینەوەکەم پێشکەش بکردایە رەنگە ئەنجامەکەم باشتر بووایە”.
ئەو خوێندکارە پێشتر کاری لەسەر ئەو توێژینەوەیە کردبوو، بەڵام بۆ ئەو پێشبڕکێیە بۆ ماوەی دوو هەفتە کاری لەسەر کردبووەوە و ناردبووی.
“مەترسییەکی گەورە لەسەر ژینگە هەیە و دەبێت رووبەڕووی مەترسییەکان ببینەوە”، ئایە سەردار وای وت.