ترەمپیش پێشنیارێکی بۆ سەرۆکی چین و پوتین کردووە

سەرۆکی چین بۆ ترەمپ: رەنگە پوتین لە جەنگی ئۆکرانیا پەشیمان ببێتەوە

هەژان هادی

لە سەردانەکەی هەفتەی پێشووی دۆناڵد ترەمپ بۆ چین، سەرۆکی ئەو وڵاتە پێی راگەیاندووە، رەنگە ڤلادیمێر پوتین لە جەنگی ئۆکرانیا پەشیمان ببێتەوە.

رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی بەریتانی بڵاویکردەوە، کە شی جینپینگی سەرۆکی چین لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ لەکاتی تاوتوێی دۆخی ئۆکرانیا وتویەتی رەنگە سەرۆکی رووسیا لەو جەنگە پەشیمان ببێتەوە، لەبەرامبەردا ترەمپ پێشنیاری کردووە هەرسێ سەرۆکەکە پێکەوە هەماهەنگی بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان.

بەپێی لێدوان و هەڵوێستەکانی بێت، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دژی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانە و لەو بڕوایەدایە، دادگاکە سەروەری وڵاتان دەبەزێنێت.

پێشتریش لە 6.2.2025 ترەمپ کۆمەڵێک سزای بەسەر دادگاکە سەپاند و باسی لەوەکرد، دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بەبێ بنەمایەکی یاسایی، دەسەڵاتی دادوەری خۆی بەکارهێناوە دژی چەند کەسایەتییەکی ئەمریکا و هەندێک لە هاوپەیمانەکانی، لەنێویاندا ئیسرائیل.

ئەم هەواڵەی رۆژنامە بەریتانیەکە لەکاتێکدایە کە بڕیارە ئەمڕۆ ڤلادیمێر پوتین، بە سەردانێکی فەرمی بگاتە چین و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.

باڵیۆزخانەی چین لە واشنتن لەبارەی قسەکەی سەرۆکی چین رەتیکردەوە هیچ لێدوانێک بدات، بەهەمانشێوە کۆشکی سپیش لێدوانی لەوبارەیەوە نەداوە.