کەشناسی سلێمانی: تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ 12 پاشلەرزەی تر تۆمار کراوە

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

لەپاش بوومەلەرزەکەی شەوی رابردوو، 12 پاشلەرزە روویانداوە کە سەرجەمیان لەلایەن ئامێری پێوانەییەوە ھەستی پێکراوە، بەرگری شارستانی سلێمانییش دەڵێت، ھیچ زیانێکی گیانی لە ئەنجامی بوومەلەرزەکان نەبووە.

شەوی رابردوو کاتژمێر 9:32 خولەک لەسەر پلێتی عەرەبی زەمین لەرزەیەک بەگوری 5.1 پلە بە پێوەری رێختەر روویدا، خەڵک لەماڵەکانیان ھاتنە دەرەوە و لە ھەندێک ناوچە زیانی ماددی ھەبووە.

ئاسۆ کەمال، بەرێوەبەری کەشناسی سلێمانی بە 964ی وت، لەپاش ئەو بوومەلەرزەیە 12 پاشلەرزەی تریان تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ تۆمارکردووە، کە سەرجەمیان گوڕەکەکەیان لە نێوان 1.5 بۆ 2.5 پلەی رێختەر بووە جگە لە ئامێری پێوانەیی ھاوڵاتییان ھەستیان پێ نەکردووە.

بەرێوەبەری کەشناسی ئەوەی ئاشکراکرد، ئەوەی روویداوە سەرجەمیان بوومەلەرزەی مامناوەند بوون، بەوتەی ئەو ھەموو ئەو پێشبینیانەی لەبارەی کات و دیاریکردنی روودانی بوومەلەرزە دەکرێن ھیچ بنەمایەکی زانستییان نییە.

وتیشی، “بوومەلەرزەکان دەرئەنجامی پێکدادانی پلێتەکانی زەوین، ھێڵی بوومەلەرزە بە نێو ھەرێمی کوردستاندا ناروات، بەڵکو کاریگەری وڵاتانی دراوسێیە لەسەری”.

لەسەر زیانەکانی بومەلەرزەکەی شەوی رابرردوو  ئارام عەلی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی بە 964ی وت، لە ئەنجامی بوومەلەرزەکانی شەوی رابردوو ھیچ زیانێکی گیانی نەکەوتووەتەوە وهاوڵاتییانیش داوای بەھاناوەچوونیان نەکردووە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی