"هیچ بەدیلێک بۆ رێکەوتنی کاتی نییە"

وەزیری ناوخۆی پاکستان بە سەردانێک گەیشتووەتە تاران

فەرهاد حەسەن

میدیای ئێران بڵاویكردەوە، موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان، بە سەردانێک گەیشتووەتە تاران و چاوی بە ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئێران دەکەوێت، لەكاتێكدا مانگی رابردوش یاوەری فەرماندەی سوپای پاکستانی کردبوو لە سەردانەکەیدا بۆ تاران.

ئاژانسی “ئیرنا”ی ئێرانی ئەمڕۆ شەممە لە زاری سەرچاوەیەکی دیبلۆماسی لە ئیسلام ئاباد بڵاویکردەوە، بڕیارە  موحسین نەقەوی لەم سەردانەدا کە پێشوەختە رانەگەیەندراوە، چاوی بە ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئێران بکەوێت، لەوانەش وەزیری ناوخۆی ئێران.

وەزیری ناوخۆی پاکستان لە مانگی نیسانی رابردودا یاوەری فەرماندەی سوپای پاکستانی کردبوو لە سەردانەکەیدا بۆ تاران کە سێ رۆژی خایاند.

لەلایەکی دیکەش سەچاوە پاکلستانییەکان بنە کەناڵی (حەدەس)یان وتووە، سەردانەکەی وەزیری ناوخۆی پاکستان بۆ ئێران بە ئامانجی گەیشتنە بە رێکەوتنێکی دیاریکراو لەنێوان ئەمریکا و ئێران، وتوشیانە هیچ بەدیلێک بۆ رێکەوتنی کاتی نییە و دەرگای دانوستان لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەکان لەوان پرسی ئەتۆمی کراوەیە.

ئەم سەردانە لەكاتێكدایە كە ئەمریکا و ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ئێران دەکەن، چونکە هەوڵە دیپلۆماسییەکان گەیشتونەتە بنبەست، ترەمپ پێشنیارە نوێیەکانی ئێرانی رەتکردوەتەوە و هەڕەشەی لەناوبردنی تاران دەکات ئەگەر نەگەنە رێکەوتن، ئەمەش ئەگەری وەشاندنی گورزی سەربازی لە هەفتەی داهاتودا زیاتر کردووە.