بۆ یاری دۆستانە چوو بوون
پاسەکەی یانەی نەوتی باکوور نەگەیشتە سلێمانی و وەرگەڕا
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
بۆ ئەنجامدانی یارییەکەی دۆستانە لەگەڵ یانەی دەربەندیخان، یانەی نەوتی باکوور بەرەو سلێمانی دەکەونەڕێ بەڵام ناگەنەجێ کە پاسەکەیان وەردەگەڕێت. سەرپەرشتیاری یانەکەش دەڵێت: سەرجەم یاریزانەکان سەلامەتن.
پاسی یانەی نەوتی باکور، کاتژمێر 10:30ـی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16.3.2023 لە کەرکوکەوە بەرەو سلێمانی کەوتۆتەڕی بە مەبەستی ئەنجامدانی یارییەکی دۆستانە لەگەڵ یانەی وەرزشی دەربەندیخان.
پاسەکە کەرکوک جێدەهێڵیت و دەگاتە ناحیەی بازیان و بەرەو سلێمانی دەڕۆیشتن کەتێک لە یوتێرنێکی لای گۆپاڵە ئۆتۆمبێلێک دەسووڕێتەوە و دێتە بەردەم پاسەکە.
پەیامنێری 964ـی دەڵێت: شوفێری پاسەکە ویستوویەتی خۆی لە ئۆتۆمبێلەکە رزگار بکات بەڵام کاتێک تایەیەکەی دەکەوێتەسەر شۆڵدەر، بەهۆیەوە کۆنتڕۆڵ لەدەستدەدات و دواتریش وەردەگەڕێت.
ئەحمەد حەبیب، سەرپەرشتیاری یانەکە لەڕێگەی تەلەفۆنەوە بە 964ـی وت، سەرجەم یاریزانەکان سەلامەتن و داوامانکردووە پاسێکی دیکە بێت بە شوێن یاریزانەکان بۆ گەڕانەوەمان بۆ کەرکوک، بەهۆی رووداوەکەش یارییە دۆستانەکە هەڵوەشاوەتەوە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق