لە دهۆک کۆمەڵێک دەنگخۆش بۆ نوێژەکانی تەروایح دەستنیشانکران

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

یەکێتی زانایانی دهۆک بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەوقاف 50 دەنگخۆش بۆ پێشنوێژی تەراویح دەستنیشانکردووە.

بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ مانگی رەمەزانی پیرۆز، بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دهۆک بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکێتی زانایان سەرقاڵی هەڵبژاردنی 50 دەنگخۆشن.

لەسنوری پارێزگای دهۆک نزیکە هەزار 200 مزگەوت هەیە لەگەڵ 850 مامۆستای گوتاربێژ.

ژمارەیەک زۆر لەدەنگخۆش لەسنووری پارێزگای دهۆک هەن کە ساڵانە لە کێبرکێیەکانی دەنگخۆشی لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی کوردستان بەشداردەبن و پلەی یەکەم و دووەم بەدەستدەهێنن.

جیهاد بێسفکی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی لە پارێزگای دهۆک بە 964ی وت “وەک ئامادەکاری بۆ پێشوازیکردن لەمانگی رەمەزانی پیرۆز، ئەمساڵ جیاواز لەساڵانی رابردوو هەڵساوین بە دەستنیشانکردنی 50 دەنگخۆش بۆ پێشنوێژی تەراویحەکان، ئەمانە تەنیا بۆ مزگەوتەکانی سەنتەری دهۆکن، لەبەرنامەماندایە بۆ قەزایەکانیش هەندێک دەستنیشانبکەین، ژمارەیان تا نزیکدەبینەوە لەمانگی رەمەزان زیاد دەبێت”.

جیهاد بێسفکی روونیشکردەوە “نوێژەکانی تەراویح لە راحەت هاتووە بۆیە ئێمە ویستمان کاتێک خەڵک دەچنە تەراویح، ئارام و دڵخۆشبن و بەهیچ شێوەیەک بێزار نەبن، لەهەمانکاتدا بۆچوونی ئەو پێشنوێژانەی پێشتر کە پێشنوێژییان دەکرد وەرگرتووە ئەوانیش دڵتەنگ رازین بەم کارە”.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق