وێنە 964+
یانەی دینارتە کۆنفرانسی خۆی ئەنجامدا
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
دوێنێ 13.3.2023بۆ یەکەمجار یانەی دینارتە کونفرانسی خۆیان ئەنجامدا و دەستەیەکی حەوت کەسی بۆ یانەکە هەڵبژێردران.
یانەی دینارتە لە ساڵی 1996 دامەزراوە، تا 2005 یانەکە بەبێ ڕوەستان بەشدارییان کردووە لە خولەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق، بەڵام لە 2005وە یانەکە راگیرا ئەوەش بەهۆی نەبوونی هیچ یاریگایەک و کوستەرێکی تایبەت بەیانەکە.
رەشید جومعە محەمەد، سەرۆکی یانەی دینارتە بەف 964ی وت”دوێنی بەئامادەبوونی بەرپرسانی وەرزشی لە هەولێر و دهۆک یەکەم کۆنفرانسی یانەی دینارتە بەرێوەچوو، ئێمە 11کەس بووین خۆمان کاندید کرد بۆ دەستەی یانەکە، دواتر حەوت کەس وەک ئەندامانی یانەی دینارتە هەڵبژێردران، من بووم بەسەرۆکی یانەی دینارتە”.
“یاریگایەکمان دروستکردووە بە هاوکاری حزب و چەند یاریزانێک و خەڵکی دەوڵەمەندی ناحیەکە، بەڵام تا ئێستا کوستەری تایبەت بە یانەکەمان نیە، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و بەرپرسانی دهۆک بەڵێنیان داوە کە یاریگایەکی نویێمان بۆ دروست بکەن و پشتگیری تەواوی یانەکە بکەن”رەشید جومعە وای وت.
رەشید جومعا ئاماژەی بەوەشدا، زیاتر لە 20 ساڵە ئەوان بێ بەش بوون لەیارییەکان، بەڵام پارساڵ لەمانگی تشرینی دووەم توانیویانە موڵەتی فەرمی لەحکومەت وەربگرن و یانەی دینارتە بەفەرمی تۆمارکرا.
پێداچوونەوە: توانا نەقی