“هەڵەبجەیەكان دڵخۆشن بەبڕیارەكەت

ئازاد تۆفیق بۆ سوودانی: سوپاس کە پێنج هەزار شەهیدی هەڵەبجەت بینی

964+

محەمەد عومەر – هەڵەبجە

دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هەڵەبجەی وەك پارێزگا ناساند، پارێزگاری ئەو شارە سوپاسی سوودانی دەكات.

ئەمڕۆ سێشەممە 14.3.2023، ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە، لە پەیجی پارێزگای هەڵەبجە لە فەیسبووك وێنەی ئەو نووسراوەی بڵاوکردەوە کە بەزمانی عەرەبی نووسیویەتی و تێیدا سوپاسی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكات.

لە نووسراوەكەدا هاتووە، سوپاسی سەرۆكوەزیران دەكەین بۆ ئەوەی ئازارەكانی هەڵەبجەیەكانی بینی و شارەكەیانی وەك پارێزگای 19ـەیەمی عێراق و چوارەم پارێزگای هەرێمی كوردستان ناساند.

لە بەشێكی دیكەی نووسراوەكەدا هاتووە: ئەوان هیواخوازن بەڵێنەكان ببنە كردار و كاردانەوەی هەبێت لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵكی و بەزووی بەدەم داواكارییەكانی شارەكەوە بچن.

لەكۆتایی نامەكەدا نووسراوە، هەڵەبجەییەكان سوپاسگوزارن كە سەرۆكوەزیران ئازارەكانی پێنج هەزار شەهیدی شارەكەی بینیوە.

پێداچوونەوە: کوردستان ئەحمەد