زیاتر بۆ جووتیارانە

بە مەرج رێگەی چوون بۆ 29 گوندی سنووری ئامێدی دەکرێتەوە

964+
سیداد حەبیب – دهۆک

ئەمڕۆ چوارشەممەوە 8.4.2026، ئیدارەی قەزای ئامێدی بڕیاریدا رێگەی چوون بۆ 29 گوند لە سنوورەکە بکاتەوە، ئەوەش بۆ جوتیار و خەڵکی خانەخوێ تا بچن بەدەم کاری جووتیاریی و باخەکانییانەوە.

کردنەوەکە، بەفەڕمی لە رۆژی شەممەوە 11.4.2026 دەستپێدەکات، بەڵام بە مەرج دەبێت.

مەرجە سەرەکییەکە ئەمەیە؛ ئەو گوندانەی کە ژمارەیان 15 گوندە و سەر بە ناحیەی دێرەلووکن و گوندەکانی دیکە سەر بە ناحیەکانی کانی ماسێ و سەرسنگن، لە کاتژمێر 6:00ی بەیانی تاوەکو 7:00ی ئێوارە دەکرێنەوە، بەڵام ئەو کەسانەی دەچنە گوندەکان، نابێت بە شەو لەوێ بمێننەوە.

ماهر ئەسکەندەر، خەڵکی گوندی کەفنە مژێیە لە سنووری قەزای ئامێدی و ناوچەکەی سەر سنوورە، ئەو بە 964ی وت، ماوەی سێ ساڵە رێگەی گوندەکانمان داخرابوون، چەندین جار زیان بەر باخەکانمان گەیشتووە، هەرخۆم 110 بنەهەنار و مێوم لەناوچوون و خانووەکەشم رووخاوە.

بەهۆی شەڕ و گرژییەکانی، دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە”، ماوەی سێ ساڵ بوو، رێگەی ئەو گوندانە داخرابوو و چەندین جار زیان بەر خەڵک و ئەو گوندانە گەیشتووە کە دەکەونە چوارچێوەی ئاڵۆزییەکان، بە تایبەتی باخ و زەوییە کشتوکاڵییەکانی جوتیاران.

وەک رێکاری سەلامەتی ئەو ماوەیە، رێگای گوندەکان داخرابوو تا بەۆی گرژی و بۆردومانەکان، زیان بەر خەڵکی ئەو گوندانە نەگات، لەبارەی کردنەوەی رێگەگە رێبەر سادق بەڕێوەبەری ناحیەی دێرەلووک بە 964ی راگەیاند، 15 لەو گوندانە کە بڕیاری کردنەوەی رێگەیان بۆ دراوە، دەکەونە سنووری ناحیەی دێرەلووک، بەڵام زیانێکی زۆر بەر ئەو گوندانە کەوتووە و زیاتر لە 100 خانوو رووخاون یان زیانیان بەرکەوتووە.

بە قسەی ئەو بەڕێوەبەرە، ئەگەر رەوشی دەڤەرەکە ئارام بێت، ماوەی کردنەوە و رێگەی چوون بۆ ئەو گوندانە درێژ دەکرێتەوە، ئەو ماڵانەشی زیانیان بەرکەوتووە لیژنەیەک پێکدەهێنرێت و زیانەکانیان دەنووسرێت، وە دوای دیاریکردینی زیانەکان قەرەبوو دەکرێنەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

ئاگری تۆپباران بەرۆکی هەشت گوندی قەزای ئامێدی بەرنادا...

ئاگری تۆپباران بەرۆکی هەشت گوندی قەزای ئامێدی بەرنادات