دوای نیو سەدە لە "بێ وڵاتی"
سووریا رەگەزنامە بۆ کوردەکان دەگەڕێنێتەوە بەڵام بە ناسنامەی عەرەبی
964+
گەرناس مەعۆ- رۆژئاواى کوردستان
حکومەتی سووریا دوای دەیان ساڵ لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی “تەعریب” و بێبەشکردنی سەدان هەزار کورد لە مافی هاوڵاتیبوون، دەستی کردووە بە گەڕاندنەوەی رەگەزنامە بۆیان، بەڵام پرۆسەکە ناڕەزایەتی لێدەکەوێتەوە و وەک “گۆڕینی ناسنامە” دەبینرێت.
ئەو کوردانەی کە لە سەرژمێریی ساڵی 1962ـی پارێزگای حەسەکەدا بە “بیانی” (ئەجانب) یان “بێ ناسنامە” (مەکتووم) ناونووس کرابوون و لە سەرەتاییترین مافەکانی ژیان بێبەش بوون، ئێستا رەگەزنامەیان بۆ دەگەڕێتەوە. بەڵام کێشە گەورەکە ئەوەیە کە ئەم گەڕاندنەوەیە تەنیا لە چوارچێوەی ناسنامەی “کۆماری عەرەبیی سووریا”دایە.
خاڵى جێگاى مشتوومڕ و نیگەرانى بەلاى کوردەکانەوە ئەوەیە کە رەگەزنامەکە بەبێ داننان بە ناسنامەی نەتەوەیی کورد دەدرێت و دەسەڵاتدارانی دیمەشق وەک “عەرەبی سووری” مامەڵە لەگەڵ کوردەکان دەکەن.
لە ساڵی 1962، حکومەتی ئەو کاتی سووریا لە پڕۆسەیەکی سیاسیی یەک رۆژەدا، زیاتر لە 120 هەزار کوردی لە مافی هاوڵاتیبوون بێبەش کرد، کە دواتر ژمارەیان گەیشتە سەدان هەزار کەس. ئەمڕۆ دوای شەڕێکی ناوخۆیی درێژخایەن، دیمەشق دەیەوێت بەم هەنگاوە جارێکی دیکە هەژموونی کارگێڕی خۆی بەسەر ناوچە کوردنشینەکاندا بسەپێنێتەوە.
بەلاى کوردانى رۆژئاواوە گەڕاندنەوەی رەگەزنامە هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام بەبێ داننان بە “فرەیی نەتەوەیی” و دابینکردنی مافە سیاسی و زمانەوانییەکان، تەنیا هەوڵێکە بۆ “تواندنەوەی کورد” لە ناو ناسنامەی عەرەبیدا.
بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆى سوریا، بە پشتبەستن بە ماددەی چوارەمی مەرسومی ژمارە 13 کە لە رێکەوتی 16.1.2026 دەرچووە، دەڵێت: کارکردن بە سەرجەم یاسا و رێکارە نائاساییەکان کە لە ئەنجامی سەرژمێری ساڵی 1962 لە پارێزگای حەسەکە دروست ببوون هەڵدەوەشێتەوە و رەگەزنامەی سووری دەبەخشرێتە سەرجەم ئەو هاوڵاتییە بەڕەچەڵەک کوردانەی لەسەر خاکەکەیان نیشتەجێن، بە (مەکتومولقەید)ەکانیشەوە، لەگەڵ یەکسانکردنی تەواویان لە ماف و ئەركەکاندا.
هەر بەپێی بڕیارەکە، “پێویستە بە شێوەیەکی دەستبەجێ کاربکرێت بۆ ئامادەکردنی رێنماییە جێبەجێکارییەکان تاوەکو ئەم مەرسومە بەپێی دەقەکەی جێبەجێ بکرێت، لەگەڵ رەچاوکردنی ئاسانکاریی رێکارەکان بۆ خوشک و برایانی کورد تا ئەو رادەیەی دەکرێت و رەوانەکردنی بۆ ئێمە لە ماوەیەکدا کە دوا وادەی 5.2.2026 بێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح