هۆکارەکەى ئاشکرا دەکرێت
بەلەمە نقومبووەکەى سەرچنار بێ زیان بووە
964+
وریا فەتاح
دوو رۆژ لەمەوبەر لەناو ئاوی سەیرانگای سەرچناری شاری سلێمانی، بەلەمێکی گەشتیاری کە دوو گەنجی تێدابووە نقوم دەبێت، بەڵام رووداوەکە بێ زیانی گیانی کۆتایی هاتووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، پەیامنێری 964 سۆراغی شوێنەکەی کرد و لەگەڵ خاوەنی بەلەمەکان قسەی کرد، ئەو پشتڕاستی کردەوە کە هەردوو گەنجەکە بە سەلامەتی رزگاریان بووە و هۆکارەکەشی بۆ قوڵنەبوونی ئاوەکە و بەرتەسکی مەودای لێخوڕینەکە گەڕاندەوە.
خاوەنی بەلەمەکان بە 964ـى وت،””تا ئێستا تەنیا دوو جار حاڵەتی وا روویداوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە گەنجان گوێ بەو رێنماییانە نادەن کە پێیان دەدرێت و لە کاتی لێخوڕیندا سەرکێشی دەکەن.”
ئەو خاوەن کارە ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەوان زیاتر لەوەی قازانج بکەن، زیانیان بەرکەوتووە و وتی: “ئێمە لێرە بۆ دڵخۆشی خەڵکین، ئەگەر گەشتیارێک سێ هەزار دیناری دابێت، ئێمە 50 هەزارمان خەرج کردووە بۆ هێنانە دەرەوەی بەلەمەکە، بەڵام هیچمان نەوتووە چونکە دڵخۆشی و شعوری خەڵک لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە.”
ئەو بەلەمانە بچووکن و بە “پایدەر” کار دەکەن، لە رووبەرێکی دیاریکراوی ناو سەیرانگای سەرچناردا بەکرێ دەدرێنە گەشتیاران.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح