"کرێی هێنان زیادی کردووە"
ئەم وەزعە ئەشیای سەیارەشی گران کرد
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
بەهۆی ئەم وەزعەی لە کوردستان و ناوچەکە هاتووەتە پێش، ئەشیای سەیارەش گرانبووە و دوکانداران دەڵێن، کرێی گواستنەوەیان لەسەر زیادبووە و ئەوانیش ناچارن بە گرانتر لە جاران بیانفرۆشنەوە.
ئاراس سەڵام لە ناوچەی پیشەسازی باشوور لە هەولێر دوکاندارە و 25 ساڵە خەریكی فرۆشتنی كەلوپەلی یەدەگی ئۆتۆمبێلە، ئەو قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “بەعام كرێی گواستنەوەی ئەشیاکان گرانبووە و جاران کە تۆنێکمان بە 270 دۆلار بۆ دەهات، ئێستا بە 450 دۆلار داخیلمان کردووە، بۆیە هەر مەکینەیەکی سەیارە نزیکەی 50 دۆلاری چووەتەسەر”.
“ئێستا زۆربەی خەڵکی مەکینە و کەلوپەلی سەیارەکانیان ناگۆڕن لەبەر گرانی و هەوڵ دەدەن چاکیان بکەنەوە”، ئەمەش هەر قسەی وەستا ئاراسە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری