ئەو پیاوەی چەتری بۆ پەیامنێرە ئەڵمانییەکە گرت:
“ویژدانم قبوڵی نەکرد رووماڵی ماڵە رووخاوەکەم بکات و لەبەر باران تەڕ ببێت”
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
بەزەیی هاوڵاتییەکی کوردی دانیشتووی هەولێر بۆ پەیامنێرێکی بیانی بەوەی کە لەبەر باراندا چەتری بۆگرتووە، دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە و وەک خۆشی دەڵێت، ویژدانی قبوڵی نەکردووە لەبەر باران رووماڵ بکات و تەڕ ببێت.
هەینی رابردوو درۆنێک لە گەڕەکی کارێزانی هەولێر بەسەر خانووی هاوڵاتییەک بەربووەوە و زیان بەر خانووەکە گەیشت، لەو کاتەدا کە پەیامنێری کەناڵی (WeLT)ـی ئەڵمانی خەریکی رووماڵی رووداوەکە بوو، لەناکاو پیاوێک چووە پشتی و چەتری بۆ هەڵدا تاوەکو لەبەر بارانەکە تەڕ نەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 5.4.2026 پەیامنێرەکە خۆی ڤیدیۆکەی بڵاوکردەوە و نووسیبووی، “بەبێ ئەوەی داوای لێ بکەم، یارمەتیدام، میواندۆستیی کوردەکان – سەرەڕای بوونی جەنگ و بارودۆخە سەختەکان، سوپاس”.
ئەو هاوڵاتییەی چەترەکەی بۆ پەیامنێرەکە گرتووە، محەمەد میکائیلـە و قسەی بۆ مایکی 964 کردووە، ئەو دەڵێت، “ئەو ماڵەی درۆنەکەی بەرکەوت ماڵی ئێمە بوو، کاتێک بینیم ئەو پەیامنێرە لەبەر باران رووماڵی رووداوەکە دەکات، ویژدانم قبوڵی نەکرد تەڕ ببێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەتا وایزانیوە پەیامنێرێکی کوردە، تا ئەو کاتەی لێی نزیک دەبێتەوە و دەبینێت، کەسێکی بیانییە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری