عێراق سزایەکی دیکەی لەسێدارەدانی سەپاند
تۆمهتەکەی بە ئامانجگرتنی هێزە ئەمنییەکان و “رفاندنی ژنانی ئێزیدی” بوو
964+
فەرهاد حەسەن
دادگای تاوانەکانی کەرخ سزای لەسێدارەدانی بۆ “تیرۆریستێکی سەر بە داعش” دەرکرد بەهۆی بەشداریکردنی لە ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکان کە هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی مەدەنی کردبووە ئامانج.
بەپێی راگەیەندراوێکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، “ئەو تیرۆریستە و گروپەکەی لە ساڵی 2014 لە شەنگال تاوانی ترسناکیان ئەنجامداوە، لەوانە رفاندنی ژنانی ئێزدی و کوشتنی پیاوان، بە ئامانجی ناسەقامگیری وڵات و بڵاوکردنەوەی تیرۆر لەنێو هاوڵاتیاندا”.
ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق دەڵێت، ئەو سزایه بە پشتبەستن بە مادەی 4/1، هاوپێچ لەگەڵ مادەکانی 2/1، 3، و 8ی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر ژمارە 13ی ساڵی 2005، هەروەها بەپێی مادەی 7/یەکەمی یاسای رزگاربوانی ئێزیدی ژمارە 8ی ساڵی 2021 دەرچووە.