تاریک دەبێت بۆ ئەوەی رووناکی بۆ بگەڕێتەوە
هەریر بۆ ماوەی هەفتەیەک رۆژانە 10 کاتژمێر کارەبای نابێت
964+
فەرهاد حەسەن
بەپێی راگەیەندراوێکی قایمقامییەت، لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەی هەفتەیەک رۆژانە نزیکەی 10 سعات قەزای هەریر بێ کارەبا دەبێت، بەهۆی ئەوەی تیمەکانی پڕۆژەی رووناکی دەستیان بەکارکردووە بۆئەوەی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ ئەم قەزایە دابین بکەن.
قایمقامییەتی هەریر بلاویکردووەتەوە، لەم هەفتەیە بەهۆی کارکردنی تیمەکانی پڕۆژەی رووناکی لە بەرواری 4.4.2026 تاوەکو 10.4.2026 لە کاتژمێر 8:00ی بەیانی تاوەکو 5:00ی ئێوارە لەسنوری قەزای هەریر سەرجەم فیدەرەکانی کارەبای نیشتیمانی دەکوژێنەوە.
فەرمانگەی ئاوی هەریر و دەوروبەریش لە راگەیەندراوێکدا ئاگاداری هاوڵاتیانی کردووەتەوە، بەهۆی کارکردن لە پڕۆژەی رووناکی کارەبای سەرجەم بیرەکان لە سبەینێ 5.4.2026 لە کاتژمێر 8:00ی بەیانی تاوەکو 5:00ی ئێوارە دەکوژێنەوە، بۆیە کاتەکانی دابەشکردنی ئاوی ماڵان گۆڕانکاری بەسەر دادێت.
ئاماژەی بەوەکردوە، لە زۆربەی شوێنەکان بەشەو ئاو دابەش دەکرێت کاتەکانی ئاو دابەشکردنیش لە کاتژمێر 5:00ی ئێوارە دەستپێدەکات تاوەکو کاتژمێر 8:00ی بەیانی، دەشڵێت “ئەم دابەشکردنەی ئاو بۆ کاتێکی دیاریکراوە، تاوەکو کارکردن لە پڕۆژەی رووناکی کۆتایی دێت و ئینجا دابەشکردنەکە ئاسایی دەبێتەوە.