"نزیکەی 60 کەس بێکار بوون"

بێ غازی دەرگای نانەواخانەکانی لە تەقتەق داخست

964+

دەریا ئەحمەد – کۆیە

سێ رۆژە نانەواخانە و سەموونخانەکانی تەقتەق لە بێ غازی، دەرگایان قفڵ داوە، وەک خۆیان دەڵێن نزیکەی 60 کەس بێ ئیش بوون و ئاوا بڕاوت دەبێت خەڵکی ئەو قەزایە هەریەکەوە بۆ خۆی ساجێک دابنێ و کۆلێرە و نانی خۆی دروست بکات.

ئەمڕۆ هەموو خاوەن نانەواخانەکانی تەقتەق کە 25 شوێنن بە کولێرەخانە و سەموونخانەوە، گردبوونەوە و وتیان تا غازمان بۆ دابین نەکرێت، ئیش ناکەین.

نوێنەرەکەیان ئاراس جەلیل قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت، “ئەوبەر پردەکەی تەقتەق کە دەکەوێتە سنووری قەرەناو  و سەربە کەرکوکە، یەک کێشەی نییە و بوتڵێک غاز بە هەشت هەزار دینارە، بەردەم هەر نانەواخانەیەک 15 بوتڵی پڕ دانراوە”.

“زۆر خەڵک دەڵێ بۆ وەک شارەکانی دیکە بەدار ئیش ناکەن، وا دوو بۆ سێ رۆژ بەدار ئیشمان کرد، دوایی هەموو دەبێ دەست بدەینە مشارێک و بکەوینە ئەو شاخ و کێوە و ژینگە بیشێوێنین، ئێمەش ئیشی وا ناکەین”، ئاراس جەلیل وای وت.

داخستی نانەواخانەکانی تەقتەق کێشەی بۆ کەبابخانە و چێشتخانەکانیش دروست کردووە و ئەوانیش نانیان نییە بیدەن بە موشتەرییەکانیان.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

لە نانەواخانەیەکی خورماڵ لە بری غاز بە دار ناندەکەن

لە نانەواخانەیەکی خورماڵ لە بری غاز بە دار ناندەکەن