بۆ هێزەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل
سوپاى پاسداران دوێنێى ناونا “رۆژێکى رەش”
964+
وریا فەتاح
سوپای پاسدارانی ئێران، راگەیەندراوێکی سەبارەت بە تێکشکاندنی چەندین فڕۆکەی جەنگی و بێفڕۆکەوانی “ئەمریکا و ئیسرائیل” بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی توانیویەتی “رۆژێکی رەش” بۆ هێزی ئاسمانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئاسمانی ئێراندا بخوڵقێنێت.
وردەکاریی رۆژە رەشەکە بەپێی راگەیەندراوەکە:
یەکەم: تێکشکاندنی یەک فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتوو لە ناوچەکانی ناوەڕاستی ئێران.
دووەم: راوکردنی دوو مووشەکی کرووز لە ئاسمانی شارەکانی (خومەین و زەنجان).
سێیەم: خستنەخوارەوەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری جۆری (MQ-9) لە ئاسمانی ئەسفەهان.
چوارەم: تێکشکاندنی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی جۆری (هێرمس) لە ئاسمانی بوشەهر.
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم ئۆپەراسیۆنانە لەرێگەی “سیستەمە نوێ و پێشکەوتووەکانی بەرگری سوپا” و لەژێر چاودێری تۆڕی یەکگرتووی بەرگری ئاسمانی ئێران ئەنجامدراون.