بە سەختى بریندار بووە
لە گوندى دەرگەڵە؛ ژنە گەشتیارێک لە شاخ هەڵدێرا
964+
ئاکام غەفور- سۆران
ئەمڕۆ لە سنووری گوندی دەرگەڵەى سنوورى ئیدارەى سۆران، ژنێکی گەشتیار لە کاتی گەشتکردندا لە شاخ کەوتە خوارەوە و بە سەختی بریندار بوو، تیمەکانی بەرگری شارستانیش توانییان رزگاری بکەن.
کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران بە 964ـى لااگەیاند: “ژنەکە لە شاخ هەڵدێراوە و بەو هۆیەشەوە بە سەختی بریندار بووە، بەڵام خۆشبەختانە لە ژیاندا ماوە.”
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ئاماژەی بەوەش کرد، دوای رووداوەکە تیمەکانیان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنەکە و ژنەکەیان گەیاندووەتە نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەو ژنە و هاوەڵەکانی بە مەبەستی گەشتوگوزار روویان لە ناوچە شاخاوییەکانی دەرگەڵە کردبوو، بەڵام لە کاتی گەڕاندا لە بەرزاییەکانەوە کەوتووەتە خوارەوە.
پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح