پێت هێگسێت وەزیری جەنگی ئەمریکا – وێنە؛ میدیای ئەمریکا
دوای لابردنی سهرۆكی ئهركان و وهزیری داد
گۆڕانكاریی گهوره له ئیدارهی ترهمپ بهڕێوهیه
964+
ئهرسهلان عهبدوڵا
راپۆرتەکان لە واشنتۆنهوه باس له گۆڕانکارییە بەرفراوانەکانی نزیک لە پێکهاتەی ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و سەرکردایەتی باڵا لە وەزارەتی بەرگری (پنتاگۆن) دهكهن، ئەم هەنگاوانەش لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی ههستیار و بێ وێنە.
گۆڤاری ئەتڵەنتیک بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکانی ناو کۆشکی سپی، گفتوگۆ بەردەوامەکانی ئاشکرا کرد بۆ دوورخستنەوەی ژمارەیەک بەرپرسی باڵا، دیارترینیان کاش پاتەل، بەڕێوەبەری FBI؛ دانیال دریسکۆڵ، وەزیری سوپای ئەمریکا؛ و لۆری چاوێز دێمەر، وەزیری کار.
سهرچاوهكە ئاماژەی بەوە کردووە، هێشتا کاتی کۆتایی ئەم دەرکردنانە دیاری نەکراوە، تا بڕیاری کۆتایی ترەمپ.
ئاژانسی رۆیتەرز لای خۆیهوه بڵاویکردەوە، نەیتوانیوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ دەستبەجێ وردی و دروستی ئەو راپۆرتانە پشتڕاست بکاتەوە.
لە بەرەی سەربازیدا، میدیاکانی ئەمریکا ئهمڕۆ هەینی ئاشكرایان كرد، سەرکردایەتی پنتاگۆن سێ ژەنەراڵی پلە باڵای لە کارەکانیان دوورخستووەتەوە.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، لە لیستەکەدا ژەنەڕاڵ راندی جۆرج، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا، جەنەڕاڵ دەیڤید هۆدنی کە بەم دواییە فەرماندەیی راهێنان و دابینکردنی سوپا و جەنەڕاڵ ویلیام گرین جونیۆر گهوره جهنهڕالی سوپای پیادهی ئەمریکای ناویان هاتووه.
ئەم کردەوانە هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی ئەو هەڕەشانەی کە ترەمپ لە دژی تاران کردوویەتی و گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە پێشنیاری هێرشکردنە سەر پردەکان و وێستگەکانی کارەبا دەکات.
ترەمپ رایگەیاندووە کە “ئێران دەگەڕێنێتەوە سەردەمی چاخی بەردین”.
"شەڕی ئێران بەپێی مهرجهكانی ترهمپ كۆتایی دێت"
لەم چوارچێوەیەدا وتەبێژی پنتاگۆن رایگەیاند کە جەنەڕاڵ ڕاندی جۆرج دەستبەجێ خانەنشین دەکرێت. چاودێران پێیان وایە بڕیارەکەی پیت هیگسێت وەزیری جهنگی ئەمریکا بۆ دوورخستنەوەی جۆرج لە کاتێکی زۆر هەستیاردایە، كە هاوکاتە لەگەڵ گفتوگۆکان سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی دژی ئێران.
بەپێی پێشبینییەکان، ژەنەڕاڵ کریستوفر لانیڤ، جێگری سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا، رۆڵی سەرۆک ئەرکانی سوپای بە وەکالەت دەگرێتە ئەستۆ.
کەناڵی سی بی ئێس نیوز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بابەتەدا رایگەیاندووە، وەزیری جهنگ هیگسێت هەوڵدەدات ئەو سەرکردانە دەستنیشان بکات کە بە تەواوی هاوتەریب بن لەگەڵ دیدگای ترەمپ و وەزارەتی جهنگ.
خوێندنەوە شیکارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، دانانی لانیێڤ کاریگەریی سەربازیی پێوەندیداری بە مەلەفی ئێرانەوە هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پێشتر وەک فەرماندەی گشتی فیرقەی 82ی ئاسمانی کاری کردووە، کە یەکەیەکی بژاردهیه و ئامادەیه بۆ دەستێوەردانی خێرا و ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرە دەرەکییەکان.