کۆرنیشی مارینا لە کەلار – وێنە؛ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
لیژنەی لەسەر پێکهێنراو و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن
کۆرنیشەکەی کەلار هێشتا تەواو نەبووە لایەکی رووخاوە
964+
شۆڕش قادری
کۆرنیشەکەی کەلار هێشتا تەواو نەبووە و خەڵک بە ئارەزووی خۆیان پیاسەیان تیا نەکردووە، لایەکی رووخاوە و ئیدارەی گەرمیانیش دەڵێت، لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکەن.
لە چەند رۆژی رابردوو ڤیدیۆیەکی رووخانی بەشێک لە کۆرنیشی مارینا لەسەر رووباری سیروان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە، بەپێی راگەیەنراوێکی ئیدارەی گەرمیان، بەمەبەستى بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەو رووداوە لیژنەیەک پێدەهێنرێت و وێڕاى ئەوەى لێکۆڵینەوە لەو پرسە دەکرێت، لایەنى جێبەجێکارى پرۆژەکە پابەند دەکرێت بە دروستکردنەوەى کۆڕنیشەکە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2.4.2026 سەرۆکى لیژنەکە ئەندازیار عەزیز، راوێژکارى جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران، سەردانى ئیدارەى گەرمیانى کردووە و لەگەڵ سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان و قایمقام و کارەبەدەستانی کەلار کۆبووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا رایانگەیاندووە، کارەکانى لیژنەکەیان دەستیپێکردووە و لێکۆڵینەوە دەکەن لە رووخانى کۆڕنیشى مارینا و رێکارى پێویست بەرامبەر لایەنى کەمتەرخەم دەگیرێتەبەر.
جەلال شێخ نورى سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان ئامادەیی ئیدارەکەی و دامودەزگا پەیوەندیدارەکانى سنوورەکەى دەربڕیوە بۆ هاوکاریکردنی لیژنەکە و گرتنەبەرى رێکارە پێویستەکان.