مەترسى دروستبووە

بۆ پاراستنی ناسنامەی شارەکە؛ شوێنەواری سلێمانی دەیەوێت 2000 خانووی مێژوویی بکڕێتەوە

964+
ئەحمەد محەمەد- سلێمانى

بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و کەلەپووری سلێمانی پلانێکی بەرفراوانی بۆ کڕینەوە و نۆژەنکردنەوەی زیاتر لە دوو هەزار خانووی مێژوویی شارەکە داڕشتووە، بەڵام قەیرانی دارایی بووەتە رێگرێکی سەرەکی لەبەردەم جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا.

هاشم حەمە عەبدوڵا، بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپوری سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (964) رایگەیاند: “بە پلانێك لە هەوڵداین پارێزگاری لە مانەوەی شوێنەوارە مێژووییەكانی سلێمانی بكەین، بەڵام ئەم کارە پێویستی بە بودجەیەکی زۆر هەیە و قەیرانی دارایی تا ئێستا رێگر بووە لەوەی بتوانین وەک پێویست کارەکان ئەنجام بدەین.”

بەوتەی بەڕێوەبەری شوێنەوار، ئەو شوێنانەی کەوتوونەتە ناو پلانی پاراستن و کڕینەوەوە، پێکهاتوون لە زیاتر لە دوو هەزار ماڵ، مزگەوت و حەمامی مێژوویی. ئەم شوێنەوارانە بەسەر گەڕەکە دێرینەکانی سلێمانیدا دابەشبوون، لەوانە: (سەرشەقام، جولەکان، سابونکەران، دەرگەزێن، مەڵکەندی، شێخان و کانی ئاسکان).

بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی هۆشداری دەدات لە ئەگەری لەناوچوونی ئەم شوێنەوارانە و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بودجەی پێویست دابین بکەن. دەڵێت: “داوا دەکەین فریای ئەو شوێنانە بکەوین و بیانكڕینەوە، تاوەکو بۆ مێژووی شارەكە بیانهێڵینەوە و لەدەستمان دەرنەچێت.”

ئەم هەوڵەی شوێنەواری سلێمانی لە کاتێکدایە کە بەشێکی زۆر لە خانووە دێرینەکانی نێو بازاڕ و گەڕەکە کۆنەکان بەهۆی کۆنی و نۆژەننەکردنەوەیان، مەترسی رووخانیان لەسەرە یان لەلایەن خاوەنەکانیانەوە دەڕوێندرێن بۆ مەبەستی بازرگانی.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

بەغدا قۆڵ و باسکی لە بازرگانانی شوێنەوار هەڵماڵیوە و س...

بەغدا قۆڵ و باسکی لە بازرگانانی شوێنەوار هەڵماڵیوە و سزای توندی بۆ دیاریکردوون