كوردانی رۆژئاوا
هاوڵاتیانی سەرێکانی و گرێسپی
دوای حهوت ساڵ ئاوارەیی دەیانەوێت بگەڕینەوە ناو ماڵە تاڵانکراوەکان و کەلاوە رووخاوەکان
964+
فەرهاد حەسەن
بەشێک لە هاوڵاتیانی سەرێکانی و گرێسپی لە رۆژئاوای کوردستان دوای حەوت ساڵ ئاوارەییان دەیانەوێت بگەڕێنەوە زێدەکانیان، بەڵام کاتێک سەردانی شوێنەکانیان دەکەنەوە، نە کەلوپەل لەناو ماڵەکانیان ماوە نە خانووەکانیش وەکو جارانن، بەڵکو هەموو کراونەتە کەلاوە و رووخێندراون.
ئاژانسی هەواڵی هەوار، گەڕانێکی مەیدانی بۆ گوندەکانی سنووری (سەرێکانی) کردووە، کە بەشێک لە ئاوارەکانی وەکو تاکەکەس گەڕاونەتەوە، رادەی ئەو وێرانکاری و تاڵانکردنە ئاشکرا دەکەن کە بەسەر گوندەکانیاندا هاتووە، بەهۆی وێرانکارییە بەرفراوانەکانەوە ناتوانن وەکو پێویست بۆ ژیانکردن بەکاریان بهێننەوە.
ئاژانسەکە دەڵێت “هێرشەکانی تورکیا و گروپە نزیکەکانی بۆ سەر شارەکانی سەرێکانی و گرێسپی لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 دەستیانپێکرد و بووە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 150 هەزار خێزان لەو دوو شارە”.
لەکاتی سەردانێکی ژمارەیەک ئاوارە بۆ گوندی ئوم شەیفە کە دەکەوێتە باکووری تەل تەمر لەسەر رێگای زیرگان، بۆ هەڵسەنگاندنی رەوشی شارۆچکەکە و موڵکەکانیان وەک ئامادەکارییەک بۆ گەڕانەوەیان، دیمەنی شوێنەکانیان دۆکیۆمێنتکردووە کە تیایدا تاڵانکردنی سیستماتیکی ماڵەکان ئاشکرا دەکەن، لەگەڵ لەناوبردنی بەرفراوانی ئەو شتانەی کە ماونەتەوە، بە گوتەی خاوەنەکانیان، ئێستا خانووەکان تەنیا توێکڵی بەتاڵن، تەنانەت سەرەتاییترین پێداویستییەکانیشیان نییە.
جەخت لەوە دەکەنەوە کە هەموو گۆشەیەکی ماڵەکانیان پارچەیەک لە ژیانیان لەخۆگرتووە و هەموو دیوارێک شایەتحاڵی وردەکارییەکانی ڕۆژانەی بووە کە بە زۆر لێیان وەرگیراون، ئێستاش نامۆییان بەجێهێشتووە لەو شوێنەی کە سەردەمانێک ماڵەکەیان بووە.
ئەوان تووشی وێرانکارییەکی تەواو بوون، جا لە ڕێگەی لەناوبردنی ڕاستەوخۆ بێت یان تاڵانی سیستماتیکی، گۆڕینی بۆ ناوچەی کارەساتبار کە خاڵی بوون لە سەرەتاییترین توخمەکانی سەقامگیری مرۆڤ.
لەم هەلومەرجەدا، دانیشتوانی ئاوارەبووی سەرێکانی هێشتا هیوایان بە گەڕانەوەیەکی سەلامەت بۆ شارەکەیان هەیە، دوور لە مەترسییەکانی سەر ژیانیان، بەپێی مەرجەکانی رێکەوتنی نێوان (دەسەدە) و دیمەشق، پێویستە ئەو کەسانەی دەستیان بەسەر موڵک و ماڵی هاوڵاتیانی ئەم شوێنانە گرتووە نەمێنن و ئەگەر ماڵ و حاڵی خەڵکیشیان لەژێر دەست بێت، رادەستیان بکەنەوە.
بڕگەیەکی رێکەوتنەکە کە لە 29.1.2026 واژۆیان کردووە گەرەنتی گەڕانەوەی سەلامەتی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و ناوچەکانی خۆیان و دڵنیابوون لە گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی خۆیان دیاریکردووە.